چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

حکومەتی هەرێم داتای تایبەت بە خەرجی و داهاتی سێ ساڵی کابینەی نۆیەم دەخاتەڕوو

 لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، د.جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆی داتای تایبەت بە داهات و خەرجی و خەرجی پرۆژەکان و پرۆژەکانی دەستەی وەبەرهێنانی خستەڕوو و ئەمەش دەقی کۆنگرەیەکەتی:

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتای دەست بەکاربوونیەوە و لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، هەموو کارەکانی بەشێوەیەکی شەفاف بۆ هاووڵاتییان خستووەتەڕوو.

لە بواری نەوت و غاز دا، ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکانی ئەو بوارە لەلایەن کۆمپانیای دیلۆیتەوە بەردەوامی هەیە و بەشێوەیەکی وەرزی تەواوی بابەتەکانی بەرهەمهێنان و فرۆشتن و داهات و خەرجییەکەی لەسەر پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە.

لە لایەکی دیکەشەوە، جەنابی سەرۆک وەزیران لەو کاتانەی کە پێویست بوو بێت لە گەڵ چین و توێژەکانی کۆمەڵگە کۆبووەتەوە یان بەشێوەی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی باسی لە کارو پرۆژە و پلانەکانی کابینەی نۆیەمی کردووە بۆ ڕای گشتی کوردستان.

لە هەمان کاتدا ئێمە وەکو فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕۆژانە داتا و زانیارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان بەشێوەی داتا و هەواڵ بڵاو کردووەتەوە و تاوەکو ئێستاش چەندین کۆنگرەی ڕۆژنامەوانییمان کردووە و داتای کاروچالاکی و پرۆژەکانی حکومەتمان بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان خستووەتەڕوو.

لە هەمان کاتدا چەندین جار بەشێوەی داتا و بەشێوەی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیش خەرجی و داهاتی حکومەتمان بۆ هاووڵاتییان ئاشکرا کردووە، چونکە لەلای ئێمە و لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز سەرۆک وەزیران هیچ شتێکی شاراوە نییە و ئەوەی هەبێت بۆ هاووڵاتییانی دەخەینەڕوو.

لە هەمان کاتدا و لە یادی سێ ساڵەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، تەواوی وەزیر و سەرۆکی فەرمانگە و دەستەکان، داتا و خەرجی پرۆژەکانیان بۆ هاووڵاتییان خستەڕوو.

بۆیە دەمانەوێت بڵێین کە بە شاهیدی میدیاکان ئەم کابینەیە زۆرترین زانیاری داوەتە ڕای گشتی و بەردەوامیش دەبین لەسەر ئەو ڕێچکەیە.

دوو مانگ لەمەوبەر و بە بۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دا، لە لایەن بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرە بەڕێزەکانەوە کاروچالاکی و داتاکانی سێ ساڵی کابینەی نۆیەم بۆ ڕای گشتی خرایە ڕوو. بۆیە دەمانەوێت لێرەدا تەواوی خەرجی و داهات و پارەی تەرخان کراو بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سێ ساڵی کابینەی نۆیەمدا بۆ ئێوەی بەڕێز و ڕای گشتی بخەینەڕوو، تاوەکو هەندێک کەس لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی داتای ناڕاست و چەواشەکارییەوە ڕاستییەکان بۆ هاونیشتمانیان ئاوەژوو نەکەن و قسەی خۆمان لە دەمی خۆمانەوە ببیستن.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا و سەرەڕای ئەو گەمارۆ ئابوورییەی کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە خراوەتە سەری توانیویەتی لە ڕێگای چەند سەرچاوەیەکەوە مووچە بۆ هاووڵاتییانی خۆی دابین بکات و چەندین پرۆژەی ستراتیژیش ئەنجام بدات و هەروەها بۆیەکەمجار حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی بە پشت بەستن بە داهاتی خۆی بەبێ حکومەتی فیدراڵی مووچە دابەش بکات.

داهات

داهاتی حکومەت لە داهاتی نەوتی و نانەوتی و تەمویلی حکومەتی عێراق و هاوپەیمانان پێکدێت. لەم سێ ساڵەی کابینەدا کۆی گشتی داهات بریتی بووە لە 46,3 تریلیۆن دینار.

خەرجی

خەرجیی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکدێت لە: مووچە، خەرجییەکانی نەوت، بەکارخستن و وەبەرهێنان و کرێی وێستگەکانی کارەبا هەروەها دانەوەی بەشێک لە قەرزەکان. لە ماوەی ئەو سێ ساڵی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان خەرجییەکانی حکومەت بریتی بووە لە 49,8 تریلیۆن دینار.

سەبارەت بە تێکڕای داهاتی نەوتی فرۆشراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێژەی 55%ـی ئەو داهاتە بۆ خەرجی پرۆسەی بەرهەمهێنان، هەناردەکردن، کۆگاکردن و گواستنەوە خەرجکراوە، هەروەها رێژەی 45%ـیشی وەک داهاتی سافی گەڕاوەتەوە خەزێنەی حکومەت.

خەرجی پرۆژەکان

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای بەردەوامیدانی پێدانی مووچە، بەڵام بەپێی ئەو داهاتەی کە لەبەردەستی بووە بەردەوامی داوە بەو پرۆژانەی کە پێویست بوون، کە لە ٨٨٤ پرۆژە پێکهاتوون بە گوژمەی ٨٤٠ ملیار دینار و بەپێی ساڵەکانیش بەم شێوەیە بووە:

  • له‌ ساڵی 2019 بڕی 243 ملیار خه‌رج كراوه.‌
  • له‌ ساڵی 2020 بڕی 151 ملیار دینار خه‌رج كراوه‌.
  • له‌ ساڵی 2021 دا بڕی 446 ملیار دینار خه‌رج كراوه‌

خه‌رجی به‌پێی سێكته‌ر

ڕێگه‌وبان:  392 ملیار

شاره‌وانی: 282 ملیار

كاره‌با: 25 ملیار

سایلۆ: 37 ملیار

په‌روه‌رده‌: 26 ملیار

نیشته‌جێبوون: 25 ملیار

به‌نداو: 22 ملیار

سێكته‌رەکانی دیکە: 31 ملیار

دەستەی وەبەرهێنان

جگە لەو پرۆژانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی ئەنجامی داون، زەمینەسازیشی کردووە بۆ ئەوەی لە رێگەی کەرتی تایبەتەوە دەرفەتی کار بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بڕەخسێنێت و بۆ ئەوەش لە سێکتەری وەبەرهێناندا مۆڵەتی بە چەندین پرۆژە داوە و لەو رێگەیەشەوە زیاتر لە 120 هەزار هەلی کار بەشێوەی راستەوخۆ رەخسێنراوە.

ساڵی یەکەم

لە ســـاڵی یەکەمی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەت بە ٤٣ پڕۆژە دراوە بە ســـەرمایەی ٩٠٢ ملیۆن دۆلار و لەســـەر رووبەری ٨٧٥ دۆنم زەوی لەم سێکتەرانەی خوارەوە:

  • پیشەسازی: ١٢ پڕۆژە بە سەرمایەی ٣٥٧ ملیۆن دۆلار.
  • نیشتەجێبوون: 5 پڕۆژە بە سەرمایەی 375 ملیۆن دۆلار.
  • فێرکردن: 7 پڕۆژە بە سەرمایەی 44 ملیۆن دۆلار.
  • – گەشتیاری: 6 پڕۆژە بە سەرمایەی 30 ملیۆن دۆلار.
  • وەرزشی: 3 پڕۆژە بە سەرمایەی 30 ملیۆن دۆلار.
  • بازرگانی: 6 پڕۆژە بە سەرمایەی 43 ملیۆن دۆلار.
  • – تەندروستی: 3 پڕۆژە بە سەرمایەی 20 ملیۆن دۆلار.
  • – کشتوکاڵ: 1 پڕۆژە بە سەرمایەی 3 ملیۆن دۆلار.

ساڵی دووەم

لە ساڵی دووەمی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتی بە ٨٧ پرۆژە داوە بە سەرمایەی ٧ ملیار و ٣٠٤ ملیۆن دۆلار و لەسەر ڕووبەری ٧٠٧٥  دۆنم زەوی لەم سێکتەرانەی خوارەوە:

  • پیشەسازی: ٢٩ پڕۆژە بە سەرمایەی ١ ملیار و ١٣٠ ملیۆن دۆلار.
  • نیشتەجێبوون: ٤ پرۆژە بە سەرمایەی ٤٣٠ ملیۆن دۆلار.
  • فێرکردن: ٥ پڕۆژە بە سەرمایەی ٢٦ ملیۆن دۆلار
  • گەشتیاری: ١٥ پڕۆژە بە سەرمایەی ٥ ملیار و ٦٠ ملیۆن دۆلار.
  • وەرزشی: ١ پڕۆژە بە سەرمایەی ٢ ملیۆن دۆلار
  • بازرگانی: ١٩ پڕۆژە بە سەرمایەی ٣٠٩ ملیۆن دۆلار.
  • تەندروستی: ٦ پڕۆژە بە سەرمایەی ٥٣ ملیۆن دۆلار.
  • کشتوکاڵ: ٥ پڕۆژە بە سەرمایەی ٢٢٧ ملیۆن دۆلار.
  • هونەری: ١ پڕۆژە بە سەرمایەی ٩ ملیۆن دۆلار.
  • خزمەتگوزاری: ٢ پڕۆژە بە سەرمایەی ٥٨ ملیۆن دۆلار.

ساڵی سێەم

لە ساڵی سێیەمدا کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مۆڵەت بە ٦٤ پڕۆژە دراوە بە سەرمایەی ٢ ملیار و ٩٤٥ ملیۆن و لەسەر رووبەڕی ٢٢٢١ دۆنم زەوی لەم سێکتەرانەی خوارەوە:

پیشەسازی: 14 پڕۆژە بە سەرمایەی 204 ملیۆن دۆلار.

نیشتەجێبوون: 3 پڕۆژە بە سەرمایەی 248 ملیۆن دۆلار

. فێرکردن: 7 پڕۆژە بە سەرمایەی 38 ملیۆن دۆلار.

گەشتیاری: 8 پڕۆژە بە سەرمایەی 2 ملیار و 34 ملیۆن دۆلار.

وەرزشی: 3 پڕۆژە بە سەرمایەی 7 ملیۆن دۆلار.

بازرگانی: 22 پڕۆژە بە سەرمایەی 243 ملیۆن دۆلار

تەندروستی: 3 پڕۆژە بە سەرمایەی 19 ملیۆن دۆلار.

کشتوکاڵ: 2 پڕۆژە بە سەرمایەی 133 ملیۆن دۆلار.

بانكەكان: 2 پڕۆژه بە سەرمایەی 19 ملیۆن دۆلار

کۆی گشتیی سەرمایەی وەبەرهێنراو لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا لە سێکتەری وەبەرهێنان 11.15  ملیار دۆلار بووە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢