ئاماده‌كاری بۆ ده‌ستپێكی ساڵی نوێی خوێندن


بەكر كەریم حەسەن*
فه‌یله‌سوف و بیرمه‌ندی ئیتالیایی (نیكۆلا مكیاڤیلی) دەڵێ “هه‌ركاتێك ئاماده‌كارییه‌كان گه‌وره‌ و مه‌زن بوون، ئه‌وا هه‌رگیز قورسی و سه‌ختییه‌كان گه‌وره‌ نین”.
تا چه‌ند ڕۆژی دی ساڵی نوێی خوێندنی (2022-2023) ده‌ست پێ ده‌كات، هه‌موو لایه‌ك،‌ په‌روه‌ده‌ و قوتابخانه‌ و خێزان ده‌بێ به‌وپه‌ڕی دڵخۆشی و جۆش و خرۆشەوە خۆیان ئاماده‌كردبێ بۆ پێشوازی كردن له‌ ساڵی نوێی خوێندن كه‌ بێگومان هه‌موو ئاماده‌كارییه‌ك وزه‌یه‌كی ئه‌رێنی ده‌به‌خشێت. بۆیه‌ پێویسته‌ سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی گشتی پارێزگاكان و په‌روه‌رده‌ی قه‌زاكان ئاماده‌كاری پێویست كرابێ و پلان و ساڵنامه‌ی نوێی گشتاندنی بۆ كرابێ بۆ قوتابخانه‌كان.
له‌وه‌ش گرنگتر قوتابخانه‌كانه‌ چۆن خۆیان ئاماده‌كردووه‌ بۆ پێشوازییەکی به‌ گوڕوتین و پلانی نوێ، سه‌ره‌تا پێویسته‌ سه‌رتاپای قوتابخانه‌ بشۆردرێ؛ هه‌موو ژووره‌كان و ئاوده‌سته‌كان و كارگێڕی و گۆڕه‌پان و مێزوكورسییه‌كان خاوێن بكرێته‌وه‌ و ئامادە بکرین؛ كۆگا پاك بێت، قوتابخانه‌یه‌كی پاك و خاوێن و جوان و دڵگیر بێنه‌ پێش چاوان، بێگومان به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ به‌وكارانه‌ هه‌ڵده‌ستێ به‌ هاوكاریی یاریده‌ده‌ره‌كانی و به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌ی شاره‌وانی و ئاو، یانیش له‌ پاره‌ی فرۆشگا، په‌روه‌رده‌ی قه‌زاكان پێویسته‌ به‌دواداچوون بكه‌ن و هاوكاریان بكه‌ن له‌ ئاماده‌كردنی قوتابخانه‌كان له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌، پێش ده‌ستپێكردنی ساڵی نوێ لیژنه‌كانی پێشوازی له‌ قوتابیان و دابه‌شكردنی په‌رتووك ئاماده‌كرابێ و به‌ڕێوه‌به‌ر و یاریده‌ده‌ر و مامۆستاكان به‌ دڵێكی خۆش و ڕوویه‌كی گه‌ش و جلوبه‌رگی فه‌رمییەوە پێشوازی له‌ ده‌ستپێكردنی ساڵی نوێ بكه‌ن و كه‌شێكی له‌باروگونجاوی په‌روه‌رده‌یی بڕه‌خسێنن بۆ قوتابیان.
هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ پشوودرێژی ودادپه‌روه‌ری و دانایی بكه‌نه‌ پره‌نسیپی ده‌ستپێكردنی ساڵی نوێ چونكه‌ قوتابخانه‌ كارگه‌ی بارهێنانی تاكی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ و هه‌رگیز جیاوازی له‌ نێوان قوتابییه‌كاندا نه‌كه‌ن و قوتابخانه‌ بكه‌نه‌ماڵی دووه‌می هه‌مووان.
ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ر كه‌س و كار و خانه‌واده‌ی قوتابییه‌ ئازیزه‌كان پێویسته‌ ده‌بێ پێش ده‌ست پێكی ساڵی نوێی منداڵه‌كانیان ئاماده‌ كردبێ و سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كانیان بۆ فه‌راهه‌م و دابین كردبێ له‌ ڕووی جل و به‌رگ و جانتا و ده‌فته‌ر و قه‌له‌م و پێداویستییه‌كانی تری قوتابخانه‌، له‌وه‌ش گرنگتر پێویسته‌ كه‌شێكی هێمن و ئارام و گونجاو بۆ منداڵه‌كانیان له‌ ماڵه‌وه‌ دروست بكه‌ن، چونكه‌ زۆر جار وا بووه‌ خێزان هه‌موو پێداویستییه‌كی بۆ منداڵه‌كه‌ی دابین كردووه‌، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ گرنگی به‌ ڕه‌خساندنی كه‌شێكی ئارام نه‌داوه‌ بۆ خوێندنی، پێویسته‌ لایه‌نی دروونی منداڵ له‌ ماڵ جێگیر و هێمن بێت ئه‌وه‌ش ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی خێزان به‌ تایبه‌تی دایك و باوك نابێ ئه‌و لایه‌نه‌ فه‌رامۆش بكرێ، بۆ منداڵ گرنگه‌ ڕۆژی یه‌كه‌م دایكی یان باوكی له‌گه‌ڵ خۆی بباته‌ باخچه‌ی منداڵان یان قوتابخانه‌ پۆڵی یه‌كه‌م كه‌سه‌ره‌تا وه‌رده‌گیرێ له‌ ئه‌نجامدا دڵنه‌وایی و هێوری ده‌بەخشێته‌ قوتابی و له‌ هه‌مان كاتیشدا ئاماژه‌ی گرنگیدانی خێزانه‌ به‌ منداڵه‌كه‌یان.
بۆ قوتابیه‌كانیش له‌ سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی تر پێویسته‌ به‌وپه‌ری دڵخۆشی و گڕوتینه‌وه‌ پێشوازی له‌ ساڵی نوێ بكه‌ن، چونكه‌ هه‌موو دڵخۆشییه‌ك نیشانه‌ی هه‌بوونی ووزه‌ی ئه‌رێنییه‌ و په‌رۆشی بۆ خوێندن زیاتر ده‌كات، ئه‌لێره‌وه‌ گرنگه‌ قوتابیه‌كانمان هه‌ر له‌ سه‌رتاوه‌ به‌ دیدگا و نیگای ڕۆشنه‌وه‌ به‌وپه‌ری پابه‌ند بوون به‌ رێنماییه‌كان و خوێندن و ده‌وام كردن و سه‌ركه‌وتن و ده‌رچوون له‌و ساڵه‌دا ڕوو له‌ قوتابخانه‌كان بكه‌ن و ته‌نها و ته‌نها چاویان له‌ سه‌ر سه‌ركه‌وتن و كۆڵنه‌دان و كۆشش كردن بێت و خۆیان ماندوو بكه‌ن و هه‌وڵ بده‌ن، چونكه‌ ده‌رئه‌نجام هه‌موو ماندووبوونێك و هه‌وڵدانێك بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خودی قوتابیه‌كانه‌ و خودای گه‌وره‌ش پادداشتی ئه‌وانه‌ ده‌كات كه‌ خۆیان ماندوو ده‌كه‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن و به‌دڵنیایش ده‌گه‌ن به‌ ئامانجه‌كانیان.

به‌رێوه‌به‌ری گشتی/ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌
ماسته‌ر له‌ كارگێڕی په‌روه‌رده‌یی

ھەواڵی زیاتر