دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوت بەرزبووەوە و درێژەی دا بە بەرزبوونەوەکانی رۆژی رابردووی خۆی. هەروەها نرخی زێڕیش بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەک بە 1725 دۆلارە.
بەربەیانیی رۆژی سێشەممە 13-9-2022، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 25 سەنت بەرزبووەوە و بە 94 دۆلار و 25 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەروەها هەر بەرمیلێك نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 23 سەنت بەرزبووەوە و بە 88 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بازرگانان پێیانوایە لەگەڵ نزیکبوونەوەی لە وەرزی زستان خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت زیاددەبێت لە کاتێکدا خستنەڕووی نەوت کەمبووەتەوە.
لە ئەمریکا قەبارەی نەوتی کۆگاکراو بەبڕی 8 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل کەمبووەتەوە و ئەوەش کاریگەری لەسەر بەرزکردنەوەی نرخی نەوت هەبووە.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە کە رۆژانە بۆ ماوەی 6 مانگ لە یەدەگی نەوتی ستراتیژی ئەو وڵاتە بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی رێژەی هەڵاوسان کەمبکاتەوە.
نرخی نەوت لەمساڵدا دوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بە رێژەی 15٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
نرخی زێڕ بەرزبووەوە
نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە و بە 1725 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە نرخی زێڕ دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا گۆڕانکاری کەمی بەخۆیەوە بینی، بەڵام پارێزگاری لە ئاستە بەرزەکانی رۆژی دووشەممە کرد.
وەبەرهێنەران و بازرگانانی زێڕ چاویان لە ئامارەکانی ئەمڕۆی ئەمریکایە سەبارەت بە رێژەی هەڵاوسان کە دوای نیوەڕۆ بڵاودەبێتەوە.
بازرگانانی زێڕ پێشبینی دەکەن کە رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا بەهۆی دابەزینی رێژەیی نرخی سووتەمەنی بەراورد بە چەند مانگی رابردوو کەمببێتەوە و ئەوەش کاریگەری لە سیاسەتی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دادەنێت کە کۆتایی ئەم مانگە بڕیار لەسەر سوودی بانکی دەدات.
بازرگانان پێیانوایە ئەگەر رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا کەمببێتەوە، بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە ناچار نییە رێژەی سوودی بانکی زۆر بەرزبکاتەوە و بەوهۆیەشەوە بەهای زێڕ لە چەند رۆژی رابردوودا بەرزبووەتەوە.
بەرزبوونەوەی بەهای زێڕ دوای دابەزینی بەهای دۆلار دێت لە هەفتەی رابردوو کە بۆ ماوەی 5 رۆژی یەک لە دوای یەک رووی لە بەرزبوونەوە کردبوو.
بەهای دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:
100 دۆلار بەرامبەرە بە 148 هەزار و 100 دیناری عێراقی
یۆرۆ – دۆلار 1.012 EUR/USD
پاوەند – دۆلار 1.168 GBP/USD
دۆلار – لیرە 18.23 USD/TRY
یەک دۆلار – ریاڵ (تمەن) 31 هەزار تمەن USD/IRR
یەک دۆلاری ئەمریکی: 60.43 روبڵی رووسی