بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوت بەهۆی ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، هەروەها بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دابەزی.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 73 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 92 دۆلار و 11 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 78 سەنت دابەزی و بە 86 دۆلار و 1 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخەکانی نەوت هەفتەی رابردوو گۆڕانکاری کەمیان بەخۆوە بینی، دوای ئەوەی بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەندام لە ئۆپێک پڵەس بڕیاریاندا ئاستی بەرهەمهێنان بەبڕی رۆژانە 100 هەزار بەرمیل کەمبکەنەوە. بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین لە کاریگەرییەکانی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لەلایەن ئۆپێک پڵەس کەمکردەوە.
پێشبینیدەکرێت بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوت لەمساڵدا دابەزێت بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە 20 ساڵی رابردوودا.
ڤیڤیک زەهر، شرۆڤەکاری کۆمێن وێلسی ئۆسترالیا رایگەیاند “بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین و ئاسۆی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بووەتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی خواست لەسەر بەکارهێنانی نەوت.”
نرخی زێڕ بەرزبووەوە
نرخی زێڕ رۆژی دووشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە و بەوپێیەش هەندێ لە زیانەکانی هەفتەی رابردووی قەرەبوو کردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 12-9-2022، هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە و بە 1718 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
ئەم هەفتەیە ئامارەکانی پەیوەست بە رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا بڵاودەبێتەوە و ئەوەش کاریگەری لەسەر روانگەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دادەنێت لەسەر ئەو رێژەیەی کە بەنیازن لە هەفتەی کۆتایی ئەم مانگە سوودی بانکی بەرزبکەنەوە.
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دوای ئەوە هات کە ئەمڕۆ بەهای دۆلار بەراورد بە دراوەکانی دیکە بە رێژەی 0.2٪ دابەزی.
رۆژی سێشەممە بڕیارە ئامارەکانی پەیوەست بە رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا بۆ مانگی 8 بڵاوببێتەوە و پێشبینیدەکرێت کاریگەریی بەرچاو لەسەر بازاڕەکانی بۆرسە و بازاڕی زێڕ و دراوەکان بەجێبهێڵێت.
بەهای دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:
100 دۆلار بەرامبەرە بە 148 هەزار و 150 دیناری عێراقی
یۆرۆ – دۆلار 1.007 EUR/USD
پاوەند – دۆلار 1.160 GBP/USD
دۆلار – لیرە 18.23 USD/TRY
یەک دۆلار – ریاڵ (تمەن) 30 هەزار و 920 تمەن USD/IRR
یەک دۆلاری ئەمریکی: 60.78 روبڵی رووسی