وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ناوی بەکارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسوۆرد)ـى بۆ سەرجەم دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى ئامادە کردووە و ئاراستەى وەزارەتى پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتى گشتى ئەزمونەکانی کردووه.
ئهمڕۆ دووشهممه 12ـی ئهیلوولی 2022، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگهیاند، دواى هەوڵەکانى وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتى گشتى خوێندن، پلاندانان، بەدواداچوون و ناوەندى وەرگرتن، ناوی بەکارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسوۆرد) بۆ سەرجەم دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى ئامادەکران و رهوانهی وەزارەتى پەروەردە/ بەڕێوەبەرایەتى گشتى ئەزمونەکان كران.
گوتهبێژی وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی داوا لە دەرچووانى پۆلی دوانزەى ئامادەیى دەکات لە بەیانییەوە دەتوانن خۆیان سەردانى خوێندنگەکانیان بکەن بۆ وهرگرتنهوهی ناوی بەکارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسوۆرد).
ئاماژه بهوهشدراوه، پێویستە دەرچووان بەباشى پاسۆرد و یوزەرنەیمەکانیان بپارێزن، چونکە دواتر لەڕێگەى ئهو (پاسۆرد و یوزەرنەیم)ـه دەتوانن (زانکۆلاین) پڕبکەنەوە.
لەبارەى کاراکردنى زانکۆلاین بۆ دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى عهباس ئهكرهم رایگهیاند، سەرەتاى هەفتەى داهاتوو زانکۆلاین بۆ دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى کارا دەکرێت و پێش کاراکردنیشى لە راگهیهندراوێكی رۆژنامەوانیدا وردەکارییەکەى بۆ دەرچووان دەخرێتەڕو.