بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە 

هاتووچۆی هه‌ولێر رایگه‌یاند ئه‌و كه‌سه‌ی ژماره‌یه‌ك ماتۆرسكیلی له‌سه‌ر شه‌قامی 60 مه‌تری سووتاند، ده‌ستگیركراوه‌ و رێكاری یاسایی له‌گه‌ڵی ده‌گیرێته‌به‌ر.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 11ـی ئه‌یلوولی 2022، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی هه‌ولێر راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، لەسەر شەقامی 60 مەتری کاتێک مەفرەزەکانی هاتووچۆی هەولێر خەریکی بەجێگەیاندنی ئەرکی خۆیان بوون لەدەستبەسەرداگرتنی ماتۆرسکیلی نایاسایی، خاوەنی یەکێک لەماتۆرسکیلەکان بە هەلی زانیووە و خۆی گەیاندووەتە نێو ماتۆرسکیلەکان و ئاگری لە دوو ماتۆرسکیل بەردا.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، کەسەکە لەلایەن مەفرەزەکانی هاتووچۆوه‌ دەستگیرکراوه‌ و رێکاری یاسایی لەگەڵی ده‌گیرێته‌به‌ر. 

هاتووچۆی هەولێر راشیگەیاند، “ئێمە وەکو هاتووچۆی هه‌ولێر کێشەمان لەگەڵ بوونی ماتۆرسکیل نییە، ماتۆرسکیل هۆیەکی گواستنەوەیە هاوشێوەی هۆیەکانی تری گواستنەوە، بەڵام کێشەمان لەگەڵ بوونە نایاساییەکەیانە کە سەرجەمیان بێ تابلۆن و تۆمارناکرێن، چونکە بەشێوەی نایاسایی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان”.

له‌كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، “داوا لەهاووڵاتییانمان دەکەین خۆیان بەدووربگرن لە کڕین و بەکارهێنانی ئەمجۆرە ماتۆرسکیلانە و لە کاتی لێخوڕینی ماتۆرسکیلی یاسایی و تۆمارکراویش، دەبێت مۆلەتی لێخوڕینی تایبەت بە ماتۆرسکیلیان هەبێت”.

ھەواڵی زیاتر