“چراكانی نیشتمان” بیۆگرافی كەسایەتییە كلتوورییەكان‌و هەندێ‌ بابەتی دیكەی پەیوەندیداری لەخۆگرتووە

چراغی فیكری رووناكی، لەهەر شوێنێ‌ كە داگیرسا
شەوی تاریكی وەك رۆژە، خەراباتی گوڵستانە
(بێكەس)

كتێبی “چراكانی نیشتیمان” كتێبێكی كلتوریە و نووسەرەكەی “خەلیل عەبدوڵڵا”ـیە، ناوەڕۆكی كتێبەكەش باس لە ژیان و بەرهەمی شاعیران و نوسەران هونەرمەندان دەكات وەك نوسەری كتێبەكەش ئاماژە پێ دەكات كتێبی چراكانی نیشتیمان هەوڵێكە بۆ دەوڵەمەندكردنی كتێبخانەی كوردی لە هەرێمی كوردستان.

ده‌ست پێكردنی كتێبی(چراكانی نیشتمان) به‌م دوو رسته‌ شیعرییه‌ی شاعیری ناوداری كورد بێكه‌سی نه‌مر ده‌ست پێده‌كات، واتای جۆشدانی جه‌ماوه‌ر بۆ مه‌عریفه‌و داگیرساندنی چرای مه‌عریفه‌ بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی شه‌وانی تاریكی و جه‌هاله‌ت، ئه‌م په‌رتوكه‌یش كلتوری بێۆگرافی كه‌سایه‌تییه‌ كلتورییه‌كانه‌و هه‌ندێك بابه‌تی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیداری له‌خۆی گرتووه‌، له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی به‌گرنگی له‌بواری ئه‌ده‌ب و هونه‌رو مه‌عریفه‌كاندا كاریان كردووه‌، به‌شێوه‌ی ئینسكلۆپیدیا رێكخستنی بۆكراوه‌، ئه‌م زانسته‌یش له‌سه‌ر ئاستی جیهان جێگه‌ی بایه‌خه‌و پێك دێت له‌زانستێك یان كۆمه‌ڵێك زانست. یان په‌رتوكێك، یان كۆمه‌ڵێك په‌رتوك هه‌ڵگری زانیاربن له‌سه‌ر ژیان، یان پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی. به‌كورتیش ئنسكلۆبیدیای بیۆگرافی ده‌رخستنی نهێنی كه‌سایه‌تییه‌ ناوداره‌كانه‌. چراكانیان كردووه‌ به‌ چراخانی ماڵی شا، دیاره‌ نوسه‌ر ماندووبون و به‌دواگه‌ڕانی زۆری بینیوه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو چرایه‌ له‌هه‌موو كون و قوژبنێكی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستاندا و هه‌موو ئه‌وانه‌ی گرتۆته‌وه‌ له‌بواره‌ جیاجیاكانی مه‌عریفه‌دا كاریان كردووه‌، هه‌ر له‌ بواره‌كانی هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و زانسته‌كانی تر وه‌ك مێژوو كۆمه‌ڵناسیه‌وه‌ هه‌تا بیری ئایدۆلۆژی و خه‌باتی سیاسی.
نووسەر”خەلیل عەبدوڵڵا” بەو شێوەیە تیشكی خستۆتە سەر ئەم كتێبەوە و دەڵێت :” زانیارییەكانی ئەم كتێبەم، لەچەند سەرچاوەی جیاوازەوە وەرگرتووە‌و پاش شەن‌و كەوكردن‌و لێكۆڵینەوە، رێكمخستووە‌و دامڕشتووە‌و بابەتەكانم پێ دەوڵەمەندتر كردووە.
ئەم كتێبەم بەشێوەی ئینسكلۆپیدیا‌و بەپێی زنجیرەی ئەلف‌و بێی كوردی رێكخستووە، تاوەكو خوێنەر بەئاسانی ناونیشانەكان لە پێڕست بدۆزێتەوە‌و زانیاری وەربگرێت.
ساڵی 2017 بەرگی یەكەمی كتێبی چراكانی نیشتمانم چاپكرد، كە 183 چرای لەخۆگرتبوو. ئەمجارە بەرگی یەكەم ‌و دووەمم، بەپێی زنجیرەی ئەلف‌ و بێی كوردی، لەدووتوێی ئەم كتێبەدا تێهەڵكێش كردووە ‌و بەهەمووی 353 چرایە.
ئەم كتێبە بەرهەمی 6 ساڵ گەڕان ‌و كاركردن‌ و ماندووبوون ‌و شەونخوونییە، بۆ نووسینی بیۆگرافی ئەو كەسایەتییانەی لەقۆناغە جیا جیاكاندا خزمەتیان بەكاروانی رۆشنبیری‌ و هونەری كوردستان كردووە ‌و بەبیری رۆشن‌ و بەرهەمەكانیان، وەك چرایەكی داگیرسا و سەرانسەری كوردستانی گەورەیان رووناك كردۆتەوە.
هیوادارم ئەم كتێبە خوێنەران بەژیان‌ و بەرهەم‌ و كارەكانی ئەو كەسایەتییە ناودارانە ئاشنا بكات‌ و كەلێنێكی كتێبخانەی كوردی پڕ بكاتەوە.

ھەواڵی زیاتر