شارەوانیی هەولێر: خزمەتگوزاری بۆ هەموو گەڕەکەکانی هەولێر دابین دەکرێت

گوتەبێژی شارەوانیی هەولێر ئاشکرای کرد، دەستمان بە دروستکردن و قیرتاوکردنی کۆڵانەکانی هەولێر کردووە و زیاتریش کۆڵانە هەژارنشینەکان و ئامانجمانە خزمەتگوزاری بگەیەنینە هەموو گەڕەکەکانی هەولێر.

سیامەند کەریم بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”دەستمان بە جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژە کردووە لە شاری هەولێر، وەکوو دروستکردن و قیرتاوکردنی شەقامەکان، لەوانە گەڕەکی هەولێری نوێ و گەڕەکی ڕۆشنبیری و سێبەردان، بۆیە بەردەوام دەبین لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ کۆڵانەکانی شاری هەولێر، کە بەشێکی لەسەر 15%ی داهاتی شارەوانییە و بەشێکیشی لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگایە.”

گوتەبێژی شارەوانیی هەولێر گوتیشی: ”ئامانجی سەرەکیی شارەوانیی هەولێر ئەوەیە کە هەموو ئەو کۆڵان و شەقامانە قیرتاو بکرێن کە پێویستیان بە قیرتاوکردنە تاوەکوو وەرزی زستان دێت.”

گوتیشی: ”لە ئەنجامدانی پڕۆژەکان بەردەوام دەبین و دەتوانم بڵێم تا وەرزی زستان دەتوانین کۆنترۆڵی تەواوی ئەو شوێنانە بکەین کە پێویستیان بە خزمەتگوزارییە، بەتایبەت قیرتاوکردن و زیاتریش خزمەتگوزاری بۆ ئەو شوێنانە دابین دەکرێت کە هەژار نشینن و زیاتر پێویستیان بە خزمەتگوزاری هەیە.”

ھەواڵی زیاتر