ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی ئەیلوولی 2022، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئهنجوومهنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئهنجوومهن، ئهنجوومهنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران، باسی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی بارودۆخی سیاسیی عێراقی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان لە گەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراقە لە رێگەی گفتوگۆ و بەشێوەیەکی ئاشتیانە و بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور، بە جۆرێک رێز لە سیستەمی دیموکراسی و دەنگی هاووڵاتییان بگیرێت و ئارامی و سەقامگیریی عێراق بپارێزرێت.
سەرۆک وەزیران جەختی لە گرنگیی هاوهەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان لە داکۆکیکردن لە ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و پاراستنی دەسکەوتە نیشتمانییەکان کردەوە . دووپاتیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە فاکتەرێکی ئارامی و سەقامگیریی لە عێراق و ناوچەکەدا دەبێت.
پاشان لە لایەن ئانۆ جەوهەر وەزیری پەروەردە بە وەکالەت و ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئامادەکارییەکانی هەردوو وەزارەت بۆ دەستپێکی ساڵی خوێندنی نوێی2023- 2022 و پێداویستییەکانی خرایەڕوو، ئهنجوومهنی وەزیران، وێڕای پیرۆزبایی لە قوتابیان و خوێندکاران و مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، بە بۆنەی نزیکبوونەوەی ساڵی نوێی خوێندن کە بڕیارە لە 13ی ئەم مانگە لە قوتابخانەکان دەست پێ بکات، لە هەمانکاتدا ئهنجوومهنی وەزیران، جەختی لە گرنگی کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا کردەوە لە کارنامەی ئەم کابینەیە و بڕیاردرا بە راسپاردنی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەو داواکاری و پێشنیازانەی لە لایەن هەردوو وەزارەت خرانەڕوو بۆ کۆبونەوەی ئهنجوومهن و بە بایەخیشەوە ، باس لە گرنگیی پلانی هەردوو وەزارەت کرا بۆ گرنگیدان بەو بابەتانەی رەهەندی نیشتیمانییان هەیە وەک خۆشەویستی نیشتیمان وئاشتیی و بەیەکەوەژیان و مەترسییەکانی بەکارهێنان و بڵاوبونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و توندوتیژی و خراپ بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا وئامێرەکانی پەیوەندی.
لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەدا، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی وئابووری ، باسیان لە ئامادەکاریی پێویست بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییان کرد لە وەرزی زستان، هاوشێوەی ساڵانی پێشوو بەهەماهەنگی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵ. ئهنجوومهنی وەزیران بڕیاریدا، لەمبارەیەوە ئامادەکاری پێویست بکرێت بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی بە تایبەتی بۆ ناوچە سارد و شاخاوییەکان . بۆ ئەم مەبەستەش، وەزیری سامانە سروشتیەکان بە وەکالەت و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵیی ونوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا راسپێردران بۆ ئەنجامدانی کاری پێویست.
لە بڕگەی کۆتاییدا، گفتوگۆ دەربارەی بابەتی گرێبەست لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا کرا کە تا ئێستا دانەمەزراون. ئهنجوومهنی وەزیران وێڕای بە بایەخەوە سەیرکردنی رۆڵی کارمەندانی گرێبەست لە بەڕێوەبردن وپێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گشتیی و پێداویستی زانکۆکان بە خزمەتی هەڵگرانی بڕوانامەکانی ماستەر و دکتۆرا، بڕیاریدا کە ئەم بابەتە ئاراستەی ئهنجوومهنی گشتی راژە بکرێت کە تازە دەستبەکاربووە لە هەرێمی کوردستان تا بە پێی تایبەتمەندیی و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، پۆڵێنی هەردوو بابەتەکە بکەن و لەبەر رۆشنایی پسپۆڕیی و تایبەتمەندیی و پێداویستی وەزارەت و دامەزراوەکان، بڕیار لەسەر پێشنیارەکە بدرێت و بەجۆرێک کە بگونجێت لە گەڵ پرۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی میلاکاتی حکومەت، هەروەها لەسەر بنەمای زانستیی و پێداویستی وپسپۆڕیی لە لایەن ئهنجوومهنی گشتی راژەوە، ئەم بابەتە پێداچوونەوەی پێویستی بۆ بکرێت و گەڵاڵە بکرێت بۆ بڕیاردان