سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

24 هونەرمەندی كوردستان 47 پەیکەریان نمایش کرد

لە شاری سلێمانی پێشانگایەكی تایبەت بە پەیكەرسازانی هەرێمی كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان كرایەوە و نزیكەی 42 پەیكەری لێ نمایش كرا.

سەرەتای حەفتەی حازری، ناوەندی حەوت رەنگە لە مۆزەخانە نیشتمانییەکەی ئەمنە سوورەكەی شاری سلێمانی هەستا بە كردنەوەی پێشانگایەكی تایبەت بە پەیكەرسازان كە هونەرمەندانی باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان بەشدارییان تێدا كردبوو، تیایدا پەیكەری شاعیر و سەركردە و سروشت و بواری دیكەی تێدا نمایش كرابوو.

بەختیار سەعید، خاوەنی ناوەندی حەوت رەنگە بە (هەولێر)ـی راگەیاند، لەم پێشانگەیەدا 11 هونەرمەندی شاری سلێمانی و 13هونەرمەندی رۆژهەڵات بە 47 پەیكەر بەشدار بوون، مەرجی ئەوانیش ئەوە بووە ئەو پەیكەرانەی نمایش دەكرێن لە هیچ پێشانگایەك بەشدارنەبووبن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، كارەكان لە ئاستێكی بەرزدایە، دەكرێت ئەم تێكەڵاوكردنەی پەیكەرسازان بكرێتە بنەمایەك بۆ كاری هاوبەشی دیكە لەداهاتوودا.

بەختیار باسی لەوەكرد، جیاوازی كارەكانی هونەرمەندانی سلێمانی و رۆژهەڵات لەڕووی تەكنیكی كاركردنە كە هەریەكە و بە تەكنیكی خۆیان كار دەكەن.

بەشیر ناسری، هونەرمەندی رۆژهەڵاتی كوردستان كە یەكێكە لە بەشداربووانی پێشانگاكە بە (هەولێر)ـی راگەیاند، كردنەوەی ئەم پێشانگایانە لە شاری سلێمانی كارێكی زۆر باشە، چونكە تێكەڵاوی نێوان هونەرمەندان دروست دەبێت و دەتوانێت ئاستی هونەر بەرز و باشتر بكات و وتی “ئەوەندەی تێبینمان كردووە كارەكانی هونەرمەندانی باشوور باشن، بەڵام ئەوانەی رۆژهەڵات ئەكادیمیترن”.

هەروەها بەختیار بەمۆ، هونەرمەندی باشووری كوردستان كە هونەرمەندێكی دیكەی بەشداربووە بۆ (هەولێر) ئاماژەی بەوەكرد، خۆشحاڵن بە بەشداریكردنیان لەو پێشانگایەدا و دەتوانن لەو رێگەیەوە تێكەڵاوی زیاتر لەگەڵ هونەرمەندانی رۆژهەڵات دروست بكەن و هەمیش بینەر بە كارە نوێیەكانیان ئاشنا دەكەن.