هونەرمەند و دەرهێنەری بەئەزموون ناسر حەسەن لەم چاوپێكەوتنەیدا بۆ “هەولێر” وتی: “زۆربەی شارەكانی هەرێمی كوردستان خاوەنی دەزگای سینەمای خۆیانن وتیشی: تا ئێستا چوارسەد فیلمی سینەمای بەرهەم هاتوون لە ڤیستڤاڵەكاندا پێشكەش كراون، سەرجەمیان وەزارەتی ڕۆشنبیری خاوەندارییانی كردوون”.
هەولێر: بۆچی ماوەیەكی زۆرە دەرناكەویت؟
ناسر حەسەن: “من وەكو دەرهێنەر زەحمەتە كارێكی هونەری بكەم، بەبێ پێداویستیەكی باش بۆ بەرهەمەكە، واتە نابێت لە ئاستی كارەكانی دیكەم بێتە خوارەوە، لەگەڵ ئەوەش بەداخەوە نە وەزارەتی ڕۆشنبیری و كەرتی تایبەت، كەس نایەتە پێش بۆ بەرهەمهێنانی پڕۆژەكانم، منیش مێژووی خۆم ناسڕمەوە”.
هەولێر : بۆچی ئیشێكت بۆ خانەقین نەكرد، ئەو شارەی لەوێ لەدایک بوویتە؟
ناسر حەسەن: “خانەقین شاری خۆمە و لەوێ لەدایك بوومە؛ شاری كەسوكار و هاوڕێیانمە، بەڵام لە سەرەتای كارەكانمەوە وەك دەرهێنەر لە ساڵانی 71 بۆ 76 كلیپی سینەمای 16 ملیمی ڕەشوسپیم لە خانەقین دەرهێناوە بەشداری (خوداداد عەلی، خەلیل وەندی، حسەین دڵسۆز، عەلی مەهدی)؛ لە ساڵی 1974دا فیلمی دیكۆمنتاری كوردیم بەرهەم هێنا بە ناوی ئەڵوەن كە سیناریۆی (ئیبراهیم باجەڵان)ـە. ساڵی 2010 دۆخی سیاسی، ڕێگەی نەدا چیرۆكی ( ئەحلام منسور ) بكەمە درامایەكی گەورە، كە لە چەند چیرۆكێك ئامادە كرابوو”.
هەولێر : كەواتە دامەزراندنی دامەزراوەیەكی سینەمایی ئەوەندە قورسە وا دروست ناكرێ؟
ناسر حەسەن: دەزگای سینەمامان هەیە لە هەولێر و دهۆكدا؛ سلێمانییش دەزگایەكی هەیە بۆ دروستكردنی فیلم و ڤیستڤاڵەكان، تا ئێستا كار لەسەر سەد فیلمی درێژ و زیاتر لە سێسەد كورتەفیلم كراوە؛ دەزگای سینەمایی لە هەمو پارێزگاكاندا هەیە زیاتر كار بۆ ڤیستڤاڵی دەرەوە دەكەن، سەرجەم فیلمەكان وەزارەتی ڕۆشنبیری كردوویتی”.
هەولێر: خەڵك دەڵێن درامای كۆری و توركی، لە ڕووی ڕۆڵ و وێنەگرتن و دەق و دەرهێنانەوە، زۆر بەهێزترین لەوانەی پێیان دەگوترێ فیلم و درامای كوردی؟
ناسر حەسەن: بێگومان لەو وڵاتانە بە یەك ڕۆژ دە ستۆدیۆ مەشغولی دە دراما و ڕەنگە زیاتریش بن، لە ساڵێكدا لە كۆریا و توركیا زیاد لە سەد دراما بەرهەم دەهێنرێت چۆن ئاستیان بەرزتر نابێت، كوالێتیان باشتر نابێت، كادیرەكانیان و ستافیان ئاستی بەرز تر نابێت، بێجگەلەوەی تەمەنیان لە بەرهەمهێناندا زیاتر لە 50 ساڵە، دەتانەوێت ئێمەی هونەرمەندانی كورد بە دوو یان سێ دراما لە ماوەی یەك ساڵدا بچینە ڕیزی ئەوان!
هەولێر: كاری كلیپت بۆ زۆربەی گۆرانیبێژانی دەیەی حەفتاكان و هەشتاكان كردووە ئێستا كلیپ بۆ گۆرانی دەكەیت؟
ناسر حەسەن: زیاد لە پێنسەد كلیپم لە ستۆدیۆ و لە سروشت و بەشێكیان بە سیستەمی سینەمایی كردوە، یەكەم دەرهێنەری كورد بووم بۆ كلیپ و فیلمی دیكۆمێنتاری، یەكەم كلیپم لە ساڵی 1971 بەدەنگی (حەسەن دڵسۆز) بە ناوی كرێنشینی لە شاری خانەقین وێنەی گیراوە (نوری حاجی و عەلی مەهدی) وەك ئەكتەر دەركەوتوون”.
هەولێر: دەڵێن تۆ تێكەڵییەكی زۆر تایبەتت لەگەڵ عەلی مەردان هەبوو، خەونی وەدینەهاتووی عەلی مەردان چی بوو؟
ناسر حەسەن: عەلی مەردان قوتابخانەیەك بوو بۆ موزیك و مەقاماتی كوردی، ئاشنایەتیم بۆ سەرەتای كاركردنم دەگەڕێتەوە لە ڕادیۆ كوردییەکەی بەغدا، بەڵام ئەو لەگەڵ ئەو هەموو زانیاری و تواناییەی بۆ موزیك پیاوێكی بێدەنگ بوو، ئاسان نەبوو لەگەڵیدا گفتوگۆ یان كارێك بكەیت، زیاتر لە دوو ساڵ پێكەوە لەگەڵ هونەرمەند (خەلیل وەرتی) خەریك بووین تا ڕازیی بكەین گۆرانیەكانی تۆمار بكەین بە ڤیدیۆ، هەرچەندە پێشتر عەلی مەردان گۆرانیی وتبوو لە تەلەفزیۆنی بەغدا، بەڵام سەرجەم گۆرانیەكانی ڕاستەوخۆ بو ڕیكۆرد نەبوو، لەبەر ئەوە بە پێویستم زانی گۆرانیەكانی ڕیكۆرد بكەین؛ لەوچكاتەدا شەش گۆرانی عەلی مەردانمان ڕیكۆرد كرد ئێستا پەخش دەكرێتەوە، عەلی مەردان زۆرترین گۆرانیەكانی هۆنراوە و ئاوازی خۆی بوو”.
هەولێر: لە دوای مەمی ئالانەوە، بەهۆی بێپارەیی چ پڕۆژەیەكی گرنگی دیكە هێشتا هەر لە مێشكتدا ماوەتەوە؟
ناسر حەسەن: من ساڵی 2002 مەمی ئالانم كرد، تا ساڵی 2010 درامای كەركوك چوارم كرد، ئێستاش لە ماڵەوە دانیشتووم، من بە تەنیا نیم چەندین كادیری گەنج لەگەڵمدا كار دەكەن، باشترە كاری زیاتر بكەن، تا ئەزمونیان زیاتر بێت”.
هەولێر: زۆربەی هاوڕێكانت كۆچی دوایییان كرد، كامیان زۆر ئازاری دای؟
ناسر حەسەن: بەداخەوە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوو چەندین هونەرمەند كۆچی دوایییان كرد، دەورێكی گەورەیان هەبوو لە هونەری كوردیدا، لە تەلەفزیۆن و سینەما و سەر شانۆ و ڕادیۆ، هەموویان ئازیزن لە لام، بەڵام زیاتر لە هەموویان لەگەڵما ژیا نزیكەی چل ساڵ پێكەوە كارمان كرد ئەویش هونەرمەند جیهاد دڵپاكە، كاریگەریەكی گەورەی لەسەر من هەبوو، هەتا لە ژیانی تایبەتی خۆماندا پەیوەندیەكی تایبەتەمان هەبوو پێكەوە، بەردەوام كێشەیەكی تایبەتەمان هەبوایە بەدەم یەكەمەوە بووین بۆ چارەسەركردن، یەكەم