چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سێ سیمای گشتییەکەی خوێنەر

پۆلێنکردنی خوێنەر، یەکێکە لە پۆلێنکردنە سەخت و ئەستەمەکان، ئەوەی لێرەدا دەیکەین سێ سیما هەرە دیار و ئاشکراکەی خوێنەرە، بەڵام لە ناوەرۆکدا ئەم سێ سیمایە بۆ ژمارەیەکی بێشومار لە خوێنەر و دابەش دەبن کە هەر یەکەیان تایبەتمەندی خۆی هەیە. ئەگەرچی بەشێکیان خاڵی هاوبەشیان هەیە، بەڵام هیچ خوێنەرێک نییە خاڵی جیاکەرەوەی لەوی دی نەبێت.

یەکەم: خوێنەری کاتی: ئەو خوێنەرەیە کە لە کات و سەردەمێکی دیاریکراودا دەست بە خوێنەوە دەکات بەبێ ئامانجە یان ئامانجێکی دوورمەودای نییە، بەڵکو زۆرجار بۆ پڕکردنەوەی کاتە بەتاڵەکانی، یان لە ناچاریدا و لە دۆخێکدایە کە ناچارە بخوێنێتەوە (وەک ئەو زیندانیانەی لە زیندانەکاندا بەناچاری پەنا بۆ خوێندنەوە دەبەن)، یان بەهۆی دۆخێکی تایبەتییەوە و بەهاوکاری و هاندانی هاوڕێ، یان خێزان یان شوێنی کارەکەیەوە دەست بە خوێندنەوە دەکات. ئەم جۆرە لە خوێنەر لەگەڵ هەر گۆڕانکارییەک لە ژیانیدا ئەگەر دوورکەوتنەوە و وازهێنانی هەیە لە خوێندنەوە.

بەشی زۆری ئەم جۆرە لە خوێنەر لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندایە، کە زۆرجار بۆ بەدەستهێنانی پلەی زانستی ئەم خوێنەرە دەست بە خوێندنەوە دەکات لە ڕشتەیەکی دیایکراودا و لە ماوەیەکی دیاریکراودا دەخوێنێتەوە و دوای تەواوکردن و بەدەستهێنانی بڕوانامە لەو ڕشتەیەدا ئیدی ماڵئاوایی یەکجارەکی لە خوێنەوە دەکات. 

چەند ساڵێک لەمەوبەر هاوڕێیەکی نووسەرم باسی لە یەکێک لە کوڕەکانی کرد کە بۆ دەستهێنانی بڕوانامەی ماجیستێر چەندە بە پەرۆشەوە دەستی بە خوێندنەوە کردووە و چەندین کتێبی لە کتێبخانەکەی باوکی بردووە بە مەبەستی خوێندنەوە و سوودوەرگرتن لێی. هاوڕێکەم گوتی: گەلێک دڵخۆش بووم بەوەی کوڕەکەم دەستی بە خوێندنەوە کردووە و بە عیشقەوە کار بۆ نامەی ماجیستێرەکەی دەکات. گوتی دوای تەواوکردنی نامەکە و پەسەندکردنی هەرچی کتێبی لە کتیبخانەکەم بردبوو و چی کتێبی دیکەش خۆی پەیدای کردبوو هەر هەمووی بۆ هێنامەوە. سەرەتا پێم سەیر بوو، کە لە هۆکارەکەیم پرسی گوتی چیتر پێویستم پێیان نەماوە و من بوومە خاوەنی بڕوانامە. هاوڕێکەم گەلێک خەمباربوو بەم ڕەفتارەی کوڕە خاوەن بڕوانامەکەی، بەڵام گوتی ئەو چۆڕە هیچوای چەند مانگ بوو لە دڵمدا بوو کە کوڕەکە بەرەو زانین و مەعریفە هەنگاوی ناوە هەمووی بەباچوو.

دووەم: خوێنەری پچڕ پچڕ (ڕاگوزەر): ئەو چەشنەی خوێنەرە بەپێی دۆخ و هەلومەرجی ژیان دەخوێنێتەوە و تاڕادەیەکی زۆریش بێ ئامانجە لە خوێندنەوە. دەشێ خاوەنی ئامانجی کورتمەودا بن، بەڵام پچڕ پچییەکەیان لە خوێندنەوە و نزیکبوون لە کتێب نیشانەی ئەوەیە کە ئامانجێکی دوورمەودایان نییە بۆ خوێندنەوە و هیچیان لە کتێب و خوێندنەوە ناوێت، بەڵکو وەکو چەشنی پێشوو دەشێ وەکو کاڵایەکی سەرگەمکەر سەیری بکەن. بەڵام تایپێک لەم خوێنەرە هەیە کە تەنها بۆ چێژ دەخوێنێتەوە، ئەو بەدوای چێژەوەیە و زیاتر خوێنەرێکی “چێژگەرا”یە. خوێنەری یەک چەشن کتێب، یان یەک دوو نووسەری دیاریکراوە و هەر ئەوانە دەخوێنێتەوە، یان بۆ هاوشێوەکانیان دەگەڕێت. ئەم جۆرە لە خوێنەری ڕاگوزەر تەواوی ئامانجی لە دەستکەوتنی چێژدا کورت دەکاتەوە، هەر بۆیە تەنها چێژ لە یەک تایپ نووسین و کتێب دەبینێت.

لە تایپێکی دیکەدا دەشێ خوێنەری ڕاگوزەر هەلومەرجێک تەنها کردبێتییە خوێنەری یەک نووسەر و ئیدی تەواوی نووسین و مەعریفەی دونیا لەو نووسەرەدا کورت بکاتەوە. یان خوێندنەوەی تەنها یەک کتێب و ڕادەی سەرسامی ئەو بەو کتێبە ئیدی بواری ئەوەی نەدات چێژ لە کتێبی دیکە ببینێت. نموونەیەکی دیارم لە چەند ساڵی ڕابردوودا بینی، کە یەکێک لە هاوڕێکانم کە لە قۆناغی ئامادەیی ناسیم ڕادەی سەرسامی ئەم هاوڕێ خوێنەرەم بە کتێبی “سینۆهە” ئەوەندە زۆر بوو پێی وابوو کە دەتوانرێت وەکو بەرنامەی ژیان تەنها ئەوە بخوێنرێتەوە و هیچی تر، ئەو بە بڕوابەخۆبوونەوە دەیگوت “هەمووشتێک لە سینۆهەدا باس کراوە، تەنها ئەو کتێبە بخوێنرێتەوە و هەزم بکرێت مرۆڤ پێویستی بە خوێندنەوەی کتێبی دیکە نییە”. بڕوای ئەم هاوڕێیەم قسەی ئەو مامۆستا ئاینییەی بیرهێنامەوە کە لەسەر شاشەی یەکێک لە کەناڵە ئاسمانییەکان دەیگوت: ئەگەر مرۆڤ بە درێژایی تەمەنی تەنها قورئان بخوێنێتەوە بسییەتی و پێویستی بە خوێندنەوەی هیچ کتێبێکی دیکە نییە” بێگومان کورتکردنەوە هەموو کتێب و مەعریفەی دونیا لە یەک کتێبدا کارێکی دروست نییە، بەڵام ئەمە یەکێکە لە سیماکانی خوێنەری ڕاگوزەر، کە دەیەوێت لە هەموو تەمەنیدا تەنها یەک کتێب لە ژیانیدا بێت و راگوزەرانە بەلای کتیبی هەموو دونیا بڕوات و سڵاوێکیشان لێ نەکات.   

سێیەم خوێنەری هەمیشەیی: ئەو چەشنەی خوێنەرە کە بەسروشتی هەستی خوێندنەوەی تێدایە، یان لەلایەن هاوڕێ یان کەسانی نزیکەوە ئەم هەستەی تێدا چێنراوە. ئەم خوێنەرە وەکو لە ناوەکەیەوە دیارە خوێنەرێکی ڕاگوزەر نییە، بەڵکو خوێنەرێکە بەردەوام دۆستی کتێبە و هەمیشە لە بیری خوێندنەوەدایە. ئەوکاتانەشی کە دوورە لە ژینگەی خوێندنەوە ئەو لە جیهانەکەی د