پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سەرۆك بارزانی: پێویسته‌ هێزی پێشمەرگە لەژێر سەركردایەتی وەزارەتی پێشمەرگەدا بێت 

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 7ی ئەیلوولی 2022 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازی لە مارشال سامی سامپسۆن ڕاوێژكاری باڵای سەربازیی به‌ریتانیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا راوێژكاری باڵای سەربازیی به‌ریتانیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا، پابەندبوونی وڵاتەكەی بە دۆستایەتی و هاوپەیمانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و پاڵپشتیی و هەماهەنگی لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان دووپاتكردەوە.

هەروەها سوپاسی رۆڵی سەرۆك بارزانیی كرد لە هەوڵدانی بۆ یەكخستنی یەكەكانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. جەختی لەوەش كردەوە كە ماف و ئیستحقاقاتی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە پێویستە لە چوارچێوەی مەنزوومەی بەرگریی عێراق پارێزراو بێت.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی حكوومەتی نوێی به‌ریتانیای كرد و سوپاسی وڵاتی بریتانیا و هاوپەیمانانی كرد كە لە شەڕی دژی داعشدا یارمەتیدەری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوونە.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەپێدان به‌ رۆڵی پێشمەرگە لە خەباتی گەلی كوردستان، جەختی لەوە كردەوە كە پێشمەرگە بە بیروباوەڕی خۆی پارێزگاری لە دۆزی رەوای گەلی كوردستان و دۆز و بەها مرۆڤییەكان دەكات.

پەیوەست بە چاكسازییەكانی هێزی پێشمەرگە، سەرۆك بارزانی رایگەیاند، كە پاڵپشتیی تەواوی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە دەكات و بە پێویستیشی زانی كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان یەك یەكەی ژمێریاریی هەبێت و لەژێر یەك سەركردایەتیی بێت كە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە.