هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

500 هەزار زیارەتكاری شیعە لە رێگای هەرێمی كوردستانەوە سەردانی نەجەف و كەربەلا دەكەن 

بڕیارە ئەمڕۆ بە هەزاران زیارەتكاری ئێرانی لە دەروازە نێودەوڵەتییەكانی حاجی ئۆمەران و باشماخەوە بێنە هەرێمی كوردستان و لەوێشەوە بەرەو نەجەف و كەربەلا بۆ بەشداریكردن لە چلەی ئیمام حوسێن بەڕێبكەون.
لیژنەیەكی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان پێكهاتووە، لیژنەكە بە سەرپەرشتی سەرپەرشتیاری كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، مەسعود باتێلی و نوێنەری پارێزگای هەولێر كە بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێرە. ئیسماعیل مینەخان و پێشبینی دەكەن رۆژانە نزیكەی 20 هەزار زیارەتكار لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بێنە هەرێمی كوردستانەوە.
لە پارێزگای هەولێر شوێنی حەوانەوە بۆ زیارەتكاران ئامادەكراوە بێبەرامبەر، ئەوانەی لە كاتەكانی بەیانی دەگەنە هەولێر، ئەوا بەرەو نەجەف و كەربەلا بەڕێدەكەون، بەڵام ئەوانەی لەكاتەكەی دوای نیوەڕۆ دەگەن، ئەوا لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابینكراوە خزمەتگوزارییەكان بێ بەرامبەر پێشكەشی زیارەتكاران دەكرێت، هەروەها سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تیمی تایبەتییان ناردووەتە شوێنەكە.
لەوبارەیەوە ئیسماعیل مینەخان، نوێنەری پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر، گوتی: وەكو پارێزگای هەولێر، لیژنەیەكی باڵا پێكهاتووە بۆ پێشوازیكردن لە زیارەتكاران، هاتنی زیارەتكاران بەسەر سێ قۆناغ دابەشكراوە، پێشوازییەكە لە كاتژمێر حەوتی بەیانی تا حەوتی ئێوارەیە. لە قۆناغی یەكەم ئەو زیارەتكارانەی لە كاتژمێرەكانی بەیانی دەگەنە هەولێر، ئەوا راستەوخۆ لە رێگای پاسەكانی ئێمەوە بەڕێدەكرێن بۆ نەجەف وكەربەلا، قۆناغی دووەم بریتییە لەو زیارەتكارانەی كە كاتژمێر 12ی نیوەڕۆ دەگەنە هەولێر، لێرە پشوویەكی كورت دەدەن و بەڕێدەكەون لە شاری كەركووك دەمێننەوە، قۆناغی سێیەم بریتییە لەو زیارەتكارانەی كە لە كاتژمێر سێی ئێوارە بە دواوە دەگەنە هەولێر، ئەوا لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابینكراوە و سەرجەم خزمەتگوزارییەكانیش لە رێگای دەزگای خێرخوازی بارزانی-یەوە، بێبەرامبەر پێشكەشی زیارەتكاران دەكرێت.
لەبارەی پێشبینییەكانیان بۆ ژمارەی زیارەتكارە هاتووەكان بۆ پارێزگای هەولێر، ئیسماعیل مینەخان گوتی: بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەنێوان پارێزگاری ورمێ و پارێزگاری هەولێر كراوە، رۆژانە نزیكەی 20 هەزار زیارەتكار لە رێگای مەرزی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە دێنە هەرێمی كوردستان، لێرەش سەرجەم خزمەتگوزارییەكانی وەك، شوێنی مانەوە، ئاوی خواردنەوە، بنكەی تەندروستی، بنكەی ئاگركوژێنەوە و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی دیكەی خزمەتگوزاریی، تیمەكانییان لێرە ئامادەییان هەیە.
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر، ئیسماعیل مینەخان گوتیشی: ئەو پڕۆسەیە ئەمڕۆ بە فەرمی دەست پێ دەكات و لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا وەكو تێست دوو هەزار و 500 زیارەتكارمان بەڕێكردووە، تا 17ی مانگ بەردەوام دەبێت كە رۆژی چلەی ئیمام حوسێنە، دوو رۆژ دوای ئەو رێكەوتە دەگەڕێنەوە، بەڵام شوێنی مانەوەیان جیاوازە واتا لە بازگەی شێراوە دێنە هەرێمی كوردستان و لەوێشەوە بۆ تێرمیناڵی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەوێ شوێنی مانەوەیان بۆ ئامادەكراوە و دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتی ئێران.
لەبارەی ئاسانكارییەكان بۆ زیارەتكارانی ئێرانی، ئیسماعیل مینەخان گوتی: تەواوی ئاسانكاری كراوە لە كردنەوەی پەنجەرەی تایبەت بە پاسپۆڕت، هەروەها دوای گەیشتنی زیارەتكاران لە گوندی كانی ماران و گەلی عەلی بەگ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، شوێنی پشوودان ئامادەكراوە بۆ ئەوەی هەر زیارەتكارێك بیەوێت لەوێ پشووبدات، بەهۆی ئەوەی یەكەمجارە ئەم پڕۆسەیە ئەنجام دەدەین بۆیە پێشبینی دەكەین 400 تا 500 هەزار زیارەتكار سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن، بە دڵنایییەوە لە ساڵانی داهاتوو زیاتر دەبێت.