لیزا تراس بە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا هەڵبژێردرا

دواجار “لیز تراس”، بەسەر “ریشی سوناکی”ـی رکابەریدا سەرکەوت و بوو بە سەرۆکی پارتی پارێزگاران و سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا.

ئەمڕۆ (یەکشەممە 5ـی ئەیلول) ئەندامانی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا، “لیز تراس”ـیان بە سەرۆکی نوێی حزبەکەیان هەڵبژارد. بە پێی سستەمی سیاسیی بەریتانیا، سەرۆکی حزبی براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی، دەبێتە سەرۆکوەزیرانی وڵات. 

“لیز تراس” توانی بە بەدەستهێنانی 81 هەزار و 300 دەنگ بەسەر “ریشی سوناکی”ـی رکابەریدا (ئەو نزیکەی 60 هەزار دەنگی بەدەستهێنا) سەربکەوێت و بچێتە خانووی ژمارە 10ـی داونینگ ستریت.

“لیز تراس”، دەبێتە میراتگری ئابوورییەک کە لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا هەڵاوسانی لەو شێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە.

حکومەت چەند رێکارێکی بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە داناوە و مەبەست لێی، یارمەتیدانی ئەو کەسانەیە کە ناتوانن پارەی خزمەتگوزارییەکانی وەکو کارەبا و گاز بدەن.

بەشی پیشەسازی بەریتانیا هیوادارە سەرۆکوەزیرانە نوێیەکە پشتگیری لەو پرۆژانە بکات کە پێش لە گرانتربوونی نرخی وزە دەگرێت.

خاتوو تراس، بەڵێنیداوە هەفتەیەک دوای ئەوەی وەک سەرۆکوەزیران دەستبەکاربوو، یارمەتی زیاتری هاونیشمانانی بدات.  

ئەو، دەیەوێت لە کۆتاییەکانی ئەم مانگەدا، پێشنیاری کەمکردنەوەی باجی تا ئاستی 30 ملیار پاوەند لە رێگەی بوودجەیەکی فریاگوزارییەوە، بدات.

خاتوو تراس، تا ئێستا وردەکاریی پلانی خۆی بۆ پیشگرتن لە هەڵاوسانی زیاتر ئاشکرانەکردووە. ئەو تەنها باسی ئەوەی کردووە کە دەیەوێت بە شێوەیەکی کاتی باجی ژینگە لەسەر وەسڵی وزە لاببات و پێش لە زیادبوونی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بگرێت.

ھەواڵی زیاتر