شانۆی دواڕۆژەكانی بابلۆ لە شاری کەرکووک دەستی بە نمایشكردن كردووە و هەتا ئەو كاتەی بینەر هەبێت، ستافەكەی لە نمایشكردن لەو شارە بەردەوام دەبن.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 1ی ئەیلولی 2022 یەكەم رۆژی نمایشی شانۆی دواڕۆژەكانی بابلۆ بوو لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیری شاری کەرکووک، شانۆیەكە لە بەرهەمهێنانی سۆ ماركێتینگ و دەرهێنانی هونەرمەند شوان كەریمە و نواندنی چەندین ئەكتەری توانایە.
شانۆیەكە شێوازی كۆمیدی- موزیكییە، واتە هەم تراژیکە و هەمیش كۆمیدی و لەكاتی شانۆیەكەشدا پارچە موزیك و گۆرانی بەشێوەی راستەوخۆ دێتە نێو شانۆیەكە.
شانۆیەكە باس لە كەسایەتییەك دەكات بە ناوی (بابلۆ) كە ئەم كەسایەتییە هەموو ژیان لە پارەدا دەبینێتەوە و خەونی هاتنە نێو سیاسەت و بوونە پەرلەمانتاری هەیە، بەڵام دواتر تووشی نەخۆشی دەروونی دەبێت.
ئەم شانۆیە سەرەتا لە مانگی شوباتی ئەمساڵ لە شاری سلێمانی دەستی بە نمایشكردن كرد و زیاتر لە مانگێك بەردەوام بوو، پاشان شانۆیەكە لە شاری هەولێریش بۆ ماوەی نزیكەی مانگێك بەردەوام بوو، پلانی ستافەكەش ئەوەیە دوای شاری کەرکووک، شانۆیەكە ببەنە شاری دهۆك.
رووبار خالید، یەكێكە لە ئەكتەرە سەرەكییەكانی شانۆیەكە بە (هەولێر)ی راگەیاند، بە خۆشحاڵییەكی زۆرەوە توانیویانە نمایشی شانۆیەكەیان ببەنە شاری کەرکووک و لە ماوەی دوو رۆژی نمایشدا هاتنی خەڵك بەشێوەیەكی گشتی باشە، ئەوانیش هەتا بینەر هەبێت لە نمایشكردن لە شاری کەرکووک بەردەوام دەبن.
سەبارەت بەوەی بۆچی ئەوان ئەم شانۆیە دەبەنە شارەكانی كوردستان، ناوبراو روونی كردەوە “شانۆیەكە كۆمەڵێك پەیامی جددی لەخۆ گرتووە و هەوڵمان داوە بیبەینە هەموو شوێنەكان و حەزیش دەكەین ئەو پلانەی دامانناوە وەكخۆی جێبەجێی بكەین، رەنگە دوای شاری دهۆك، نمایش بیبەینە وڵاتی ئەڵمانیاش”.
زۆربەی هونەرمەندانی بواری شانۆ كۆكن لەسەر ئەوەی نمایشی شانۆی لە دراما و فیلم بۆ ئەكتەر قورسترە، لەبەر ئەوەی رۆژانە ئەكتەری شانۆی رووبەڕووی بینەر دەبێتەوە و دەبێت هەمان دەقیش دووبارە بكاتەوە.
دەربارەی ئەوەی ئەوان وەك ئەكتەر ماندوو نەبوون لەو رۆژانەی نمایش، رووبار وتی “راستە نمایشی رۆژانە هیلاكی زۆری بۆ ئەكتەر تێدایە، چونكە هەموو رۆژێك دەبێت نمایش بكەین و راستەوخۆ بەر بینەر دەكەوین، هەندێكجار بێتاقەتیش دەبین، بەڵام دواجار دوای نمایش لە پێشوازی بینەردا ئەو هیلاكییە نامێنێت”.
بەپێی ئاماری ئەو شانۆیە كە بە (هەولێر) دراوە تائێستا لە شاری سلێمانی نزیكەی 26هەزارو400 كەس و لە هەولیریش 15هەزارو 700 كەس بینەری ئەو شانۆیە بوون، سەبارەت بەوەی لەسەرەتای راگەیاندنی شانۆیەكە پێشبینی ئەوەندە بینەریان دەكرد، ئەو ئەكتەرە باسی لەوەكرد “هەر لەسەرەتاوە لە كۆنگرەكەدا وتمان شانۆیەكە كۆمیدی موزیكییە، وەك خۆمان پێشبینی بینەری زۆرمان دەكرد، بەڵام بینەر لە پێشبینی ئێمە زیاتر بوو”.