ڕاوە‌ پیرێژن

حەمەسەعید حەسەن

بەوەدا چۆمان دوو چۆم و عەجمان دوو عەجم و نەعمان دوو نەعمە، دەبێت بە سیلەی ڕەحم، (ڕەحمان)یش دوو ڕەحم بیت. لەو ڕوانگەیەوە کە دەقی ئەدەبی، بەڵگەنامەیەکی مێژوویی، کۆمەڵایەتی، یان دەروونی نییە، چالاکییەکی هونەرییە لەسەر شانۆی زمان نمایش دەکرێت، ئەوە بۆیە ئەوەندە گەمە لەگەڵ وشەی ڕەحماندا دەکەم. من وەک فۆرمالیستێک پێم وایە ڕستەی شیعری، ڕەنگدانەوەی هەڵچوون و بۆچوونی داهێنەرەکەی نییە، بەڵکوو یاریکردنە بە وشە و هیچی تر. لای من گرنگ، نیشانە و پێکهاتە دەنگییەکانە و ئەو پێوەندییەیە کە پێکیانەوە دەبەستێتەوە. ئەو دیتنەی گوایە: (هەژان هەوێنی هەڵچوونە و هەڵچوونیش بناغەی کاری ئەدەبییە و گرنگ ئەوەیە بەرگێکی هونەری بکرێتە بەر هەڵچوونەکە،) بە پوولێکی قەڵب ناکڕم. ئەوەیشی گوایە (هونەر هەڵوێستێکی داهێنەرانەیە، پێوەندیی نێوان خود و بابەت بەرجەستە دەکات،) دروشمێکی بریقەداری فریودەرانەی دێوجامە ئاسایە.
ڕەحمان هێشتا لە کەمپ بوو کە نازناوی: ( دوو ڕەحم یەک کولیچە)یان پێ بەخشی، ئاخرشەوانە دەیویست بە تاقە یەک کولیچە، پیرێژنێک ڕاو بکات. دەیزانی سوێد، سۆماڵ نییە، بەڵام هەر زوویش دەرکی بە ڕاستییە بەڵگەنەویست و حاشاهەڵنەگرەیش کردبوو، سوێدی تامەزرۆی خواردنی وڵاتانی دوورە. ئیدی هەر کە تاریکی دەکرد، بە گیرفانی پڕ لە کولیچەی گوێزەوە، بەو پاساوەی سوێدی بە کولتووری خواردنی کوردی ئاشنا دەکات، سەردانی هەموو باڕ و دیسکۆکانی شاری دەکرد و هەر پیرێژنێکی ڕووخۆشی دەبینی، کولیچەیەکی پێشکەس دەکرد.
وەک چۆن ماسی، ناوبەناو بە قولاپی ڕاوچییەوە دەبێت، پیرێژنیش هەندێک جار، بە کولیچەی دووڕەحمەوە دەبوو. لەمێژە دەڵێن: (نزیکترین ڕێ بەرەو دڵی پیاو، بە گەدەیدا تێدەپەڕێت،) دووڕەحمیش هات مامەڵەیەکی ژندۆستانەی لەتەک ئەو گوتە دێرێنەدا کرد و بەکردەوە سەلماندی: کورتترین ڕێ بەرەو هەواری دڵی ژنیش کولیچەبەگوێزە. (چۆن فێری ئینگلیزی دەبیت لە ماوەی یەک هەفتەدا بەبێ مامۆستا؟) بڕوا ناکەم کەس بەو نامیلکەیە، فێری ئەو زمانە بووبێت، بەڵام گەلیک کەس بە کۆمەکی نامیلکەکەی دووڕەحم: (چۆن ژنێک ڕاو دەکەیت لە ماوەی یەک سەعاتدا بە یەک کولیچە؟) ژنیان ڕاو کردووە.
لە سوێد زستانان کە دار و بەرد دەیبەستێت، لم بە ڕێگەوبانەوە دەکەن، تا هاووڵاتییان نەخلیسکێن، ئاخر لاقشکانێک زیاتری تێ دەچێت لەوەی بە درێژاییی زستان، کرێکارێک خەریکی ڕۆکردنی لم بێت. دووڕەحم نەک خوا نەخواستە لەبەر بێڕەحمی، بەڵکوو لەبەر ئەوەی سەمای نەدەزانی، گەلێک جار پێی دەنا بە پێی ئەو پیرێژنانەدا کە سەمای لەگەڵ دەکردن، ئەوەبوو لە مانگێکدا هەندێک ئێسکی ناسکی پێی دوو پیرێژنی خانەنشینی کۆرددۆستی
وردوخاش کرد و بەمەیش زیانێکی بەرچاوی بە‌ ئابووریی کۆمیوونەکەی گەیاند. ئیدی دەسەڵاتداران شەوگەڕ باڕەوباڕیان لێ قەدەغە کرد و ڕەوانەی کۆرسێکی فێربوونی دانسیان کرد. دوای ئەو کۆرسە چڕە کە دوو هەفتەی خایاند، قورئان بە هەقت، کە
دەڕەقسی، دەتگوت (جۆن تراڤۆڵتا)یە.
(لە نیوەی دووەمی ساڵانی حەفتادا، کە تازەکی تروسکەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بەدی دەکرا، ڕژێم بۆ سەرقاڵکردنی لاوانی کورد بە شتگەلی لاوەکییەوە، خاوەنی سینەماکانی کوردستانی بۆ پیشاندانی فیلمی ڕووت هان دەدا. ناوی فیلمەکان بە عەرەبی دەنووسران، ئەمەیش هەر جۆرێک بوو لە سیاسەتی بەعەرەبکردن. إمرأە من نار یەکێک بوو لەو فیلمانە، ئێمەیش کە چوار لاوی خوێنگەرم بووین و بڕیارمان دابوو بۆ بینینی بچین، بەدەم ڕێی سینەماوە، لەسەر ئەوە ڕێک کەوتبووین، ئەوی بە لەبارترین شێوە، ناوی فیلمەکە بکات بە کوردی، ئەوانی ترمان پارەی بلیتەکەی بدەین. یەکەممان گوتی: ژنێک لە ئاگر. دووەم: ژنێکی ئاگرین.
سێیەم: ژنێکی گەرموگوڕ. وەک دەزانن کوڕە ئازاکە هەمیشە لە دواییدا دەست یان دەم دەکاتەوە، منیش گوتم: ژنێکی بەئاڵۆش. ئەوەبوو بەبێ مشتومر وەرگێڕانەکەی من پەسەند کرا.
غەریبێک لە سوێد، یەکێک لەو فیلمە ڕووتانە بوو کە ڕێڕەوی ژیانی گۆڕیم، قارەمانەکەی سەردانێکی کورتی سوێد دەکات، حەوت شەوی لێ دەمێنێتەوە و هەر شەوەی ئافرەتێکی قژزێڕینی، چاوشینی ،
خوێنشیرینی، قەدباریک و باڵابڵند لەگەڵ خۆیدا دەباتەوە. دوای بینینی ئەو فیلمە بوو، بڕیاری کاربڕم دا، بەهەشتی سەر زەمین، زێدی شیرینم جێ بهێڵم، ئیدی هەدادانم نەبوو تا لە سوێد خۆم
گرتەوە.
ڕاستە من شەوانە وەک ڕووکەش، بە مەبەستی ڕاوەژن، باڕان دەگەڕام، بەڵام بڕوا بکەن، گرنگ نێچیرەکە نەبوو، گرنگ ڕاوەکە بوو. ئەوە گرنگ نەبوو، ئارەزووەکەم دێتە دی یان نا، گرنگ ئەوەبوو،
هەوڵی بەدیهێنانی بدەم.
دڵم مەلێکە ئەنگاوتە
ناکرێ درەختی باڵات تاقە شەوێ داڵدەی بدات؟ پەنجەم تەزیوە مەگەر پشکۆی گۆی مەمکی سرکی تۆ گەرمی ڕابێنێ.
ئەم شیعرەم لە کاتی سەمای هێمنی کۆتاییدا، هێندە بە گوێی پیرێژنانی شاردا چڕپاندبوو، هەموویان وەک سروودی نیشتمانی لەبەریان کردبوو. کە کوتان دژی ئاوڵە گەیشتە هیندستان، ئەو خوداوەندی خەڵکێکی زۆر پێیان وابوو، چارەسەری ئاوڵەی لایە، کەس نەما کوڕنووشی بۆ ببات. منیش هەر کە ژنەکەم گەیشتە سوێد، ئیتر نە پیرێژن لە خەیاڵمدا ما، نە کولیچە لە گیرفانمدا.)

ھەواڵی زیاتر