ھاتنی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ ھەرێم له‌ چوارشەممەوه‌ دەستپێده‌كات 

بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران گوتی، پرۆسەی ھاتنی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ  ھەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و ئامادەکاری تەواوکراوە و رۆژانە چوار ھەزار زیارەتکار دێنە ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش لە ھەولێر شوێنی مانەوەیان بۆ ئامادەکراوە.

عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “بۆ ھاتنی زیارەتکارانی ئێرانی ھەموو ئامادەکاریەک کراوە و رێکاری زۆر باشی ئەمنیش گیراوەتەبەر لەبازگە و شوێنەکان و دوو رۆژە وردە وردە دێن بۆ ھەرێمی کوردستان وەکو تاقیکردنەوەیەکه‌ و بڕیارە رۆژی چوارشەممە بەفەرمیی ھاتنی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ ھەرێمی کوردستان دەست پێبکات، کە پێشبینی ھاتنی رۆژانە چوار ھەزار کەس دەکرێت”.

بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران گوتیشی: “سەرەتا دێن بۆ ھەرێمی کوردستان و لەپێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر شوێنی مانه‌وه‌یان بۆ ئامادەکراوە و دواتر بەرێدەکەون بەرەو نەجەف و کەربەلا بۆ چلەی ئیمام حوسێن”.

عەبدوڵڵا ئاکرەیی گوتیشی: “ئەو پرۆسەیەی ھاتنی زیارەتکارانی ئێران بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ ماوەی ١٠ رۆژ بەردەوام دەبێت”.

ھەواڵی زیاتر