مردن لە پاکستان بەهۆی لافاوەوە هەزار و 290 کەسی تێپەڕاندن

فەرمانگەی کارەساتی سرووشتیی پاکستان ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردەوە، لە 24 کاژێری رابردوودا 29 هاووڵاتی لە وڵاتەکەی بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە و بەوەش ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی لافاوەوە گەیشتە 1290 کەس.

بە گوێرەی ئاماری فەرمیی حکومەتی پاکستان، تاوەکو ئێستا بەشێکی زۆر لە هەرێمی بەلوچستان، خەیبەر پاختونخوا و سیند لە باشووری وڵات ژێر ئاو کەوتوون و زۆرترینی زیانەکانیش لەو هەرێمەن بە جۆرێک 180 کە لە سیندج، 138 کەس لە خەیبەر پاختونخوا و 125 کەس لە بەلوچستان گیانیان لەدەستداوە.

لافاوەکەی پاکستان زیانی بە 1 ملیۆن و 468 هەزار و 19 خانوو گەیاندووە و 736 هەزار و 459 ئاژەڵی ماڵیش بەهۆیەوە مرداردبوون. قەبارەی زیانی ماددیش بە 10 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە، بەڵام هێشتا رووپێوی بۆ دیاریکردنی بڕی زیانەکە بەتەواوی نەکراوە.

هاوکات هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، ئیحسان ئیقبال، وەزیری پلاندانانی وڵات داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بڕی هاریکاری بۆ پاکستان زیاد بکەن و گوتیشی، حکومەتەکەی هەموو هەوڵێک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی هاووڵاتییان دەدات؛ باسیشی لەوە کرد، بەهۆی لافاوەکەوە ئێستا زیاتر لە 500 هەزار کەس لە هەرێمەکانی بەلوچستان، خەیبەر پەختونخوا، سیند و پونجاب ئاوارەبوون و لە کامپدا ژیان دەکەن.

شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان دەڵێت، لافاو یەک لەسەر سێی وڵاتەکەی داپۆشیوە و ئەوەش کاریگەریی لەسەر ژیانی 33 ملیۆن هاووڵاتی هەبووە.

ھەواڵی زیاتر