ئەمبەرین زەمان
ئەو خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەی لە عێراق هەیە، کاریگەری لەسەر هەموو پێکهاتەکان داناوە و سەرەڕای ئەو داهاتەی عێراق هەیەتی کە دەبوو دۆخی ژیانی خەڵك زۆر باشتر بکات، بەڵام ناکۆکی لایەنەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی خەڵک و بازاڕیش هەبووە .
گرژی و ئاڵۆزییەکانی دووشەممەی رابردوو لە عێراق بەتایبەت لە بەغدا وای کرد زۆربەی شارەزایان پێشبینی شەڕێكی دیکەی نێوخۆیی لە عێراق بکەن، ناکۆکییەکان لە نێوان سەدر و لایەنەکانی دیکە گەیشتووەتە ئەوپەڕی و هیچ ئاسۆیەکی چارەسەریش دیار نییە.
لە سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هەڵوێستی سەدر کرد بۆ چۆڵكردنی ناوچەی سەوز و کۆتایی هێنان بە ئاڵۆزییەکان، داوای کرد هەموو لایەنەکان بێن لە هەولێر کۆبوونەوەیەک بکەن بۆ چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەکانی عێراق ،هەروەها مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:” عێراق لە لێواری شەڕێکی دیکەدایە، لە پەیوەندی تەلەفۆنیش لەگەڵ کازمی هەموو هاوکارییەکی هەرێمی کوردستانی راگەیاند بۆ چارەسەری ئەو کێشانە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ هاوکاریکردنی عێراق لە گەڕاندنەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ عێراق .”
رەنج عەلائەدین، لێکۆڵەر لە ناوەندی بروکینگس دەڵێ:” حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی تاوەکو ئێستا رۆڵێکی بونیاتنەریان هەبووە بە بانگهێشتنکردنی سەدر و لایەنەکانی دیکە لە چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەولێر بۆ گفتوگۆیەکی ئاشتیانە .”
رەنج دەڵێ :” کورد رۆڵێکی هاوسەنگی بینیووە لە نێوان لایەنە ناکۆکەکانی شیعە، کوردیش دەیەوێت لە داهاتووی خۆی لە بەغدا دڵنیا بێت بۆیە ئامادەیە بە هەموو شێوەیەک لەگەڵ هەردوولادا گفتوگۆ بکات و یارمەتیان بدات بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان .”
سەڕای ئەو هەوڵانە بەڵام بەگوێرەی قسەی رەنج عەلائەدین کورد نەیویستووە و نایەوێت ببێتە بەشێک لە ململانێی نێوان خودی شیعەکان و ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی هەیە.”
پارتی دیموکراتی کوردستان، پێش کشانەوەی سەدر لەگەڵ ئەو رەوتە و سوننەکان هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمانیان پێکهێنا، بەو ئامانجەی بتوانرێت لە چوارچێوەی حکوومەتی نوێدا مافەکانی هەرێمی کوردستان زامن بکرێت، بەتایبەت لەو هەموو ناکۆکییەی لەسەر نەوت و داهات هەیە و بەغدا بە پچڕ پچڕی و هەندێک جار بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان نانێرێت.
چوونی کوردیش بۆ نێو هاوپەیمانی سێ قۆڵی لەگەڵ سەدردا هۆکارەکەی وەکو رەنج عەلائەدین دەڵێ :” ئەو سیاسەتە نا دادپەروەرانەبووە کە بەشێکی شیعەکان لە ساڵانی رابردوو بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپاندوویانە و گوشاریان کردووە .
لە ماوەی رابردوودا چەندین هێرشی درۆنی و مووشەک کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان، ئەو هێرشانە لەلایەن ئەو گرووپانەوە بووە کە لایەنە سیاسییەکانی بەشێکی شیعە پشتیوانیان دەکەن وەکو کارتی گوشار لەسەر هەرێمی کوردستان .
حەیدەر ئەلخویی، شارەزای کاروباری عێراق لە لەندەن دەڵێ :” ئەوەی روویدا لەنێوان شیعەکان هیچ خەتایەکی کوردی تێدا نەبووە، شیعەکان لە نێو خۆیان شەڕی دەسەڵات و هەژموون دەکەن .” چوونی پارتیش بۆ نێو هاوپەیمانی لەگەڵ سەدر تەنیا بۆ مافەکانی هەرێمی کوردستان بووە لە داهاتوودا و لە حکوومەتی نوێ و بێ هیوایی لە حکوومەتەکانی پێشتر .
ئەو دۆخەی عێراق وای کردووە کورد جارێکی دیکە بیر لەوە بکاتەوە لە هەموو شتێکدا لە بەغدا سەربەخۆبێت و نەگەڕێتەوە بۆ بڕیارەکانی عێراق، چونکە لە عێراق کەسێك نەماوە بتوانێت بڕیار بدات و کورد گفتوگۆی لەگەڵ بکات .
رەمزی ماردینی، لێکۆڵەر لە زانکۆی شیکاگۆ و شارەزا لە کاروباری عێراق دەڵێ :” کورد تەنانەت ئێستا مافی خۆشیەتی بیر لە سەربەخۆیی بکاتەوە بۆ وازهێنان لەو ئاڵۆزییەی لە بەغدا هەیە، ئێستا کورد دەستێکی ئازاد و واڵایە و دەستەکەی دیکەشی بە حکوومەتی عێراقەوە بەستراوەتەوە، بۆیە گرنگترین هەنگاو ئێستا کورد بیکات یەکگرتووییە لەو دۆخەی عێراق و هاودەنگی لە بڕیارەکانیدا .”
دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئینستیوتی مێری دەڵێت :” هاوپەیمانی پارتی لەگەڵ سەدر و یەکێتیش لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە باشترین حاڵەتدا تاکتیکی بوو، هەردوو پارتیش دەزانن کە جیابوونەوەیان لە بەغدا زیانی هەیە بۆ نێوخۆی هەرێمی کوردستانیش، هەردوولا هاودەنگ بن دەتوانن ببنە بڕیاردەری سەرەکی لە عێراق و خاوەن قسە و دەنگ.”
رەنج عەلائەدین، دەڵێ :” لە کۆتایی دا کورد و سوننە تەنیا وەکو تەماشاکار دەمێننەوە و دەبێت شیعە خۆیان کێشەکانیان چارەسەر بکەن بە پێچەوانەوە دۆخی عێراق کاریگەری خراپی لەسەر هەمووان دەبێت .
سەرچاوە: ئەلمۆنیتەر