نرخی نەوت لە دوایین ساتی داخستنی بازاڕەکان لەم هەفتەیەدا بەرزبووەوە، بەهۆی پێشبینییەکان بۆ کۆبوونەوەی سەرەتای ئەم هەفتەیەی رێکخراوی ئۆپێک کە تیایدا پێشبینیدەکرێت پرسی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان تاوتوێ بکرێت.
نرخی نەوتی برێنت 66 سەنت بەرزبووە و بە 93 دۆلار و 2 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 26 سەنت بەرزبووەوە بە 86 دۆلار و 87 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەرزبوونەوەکانی نرخی نەوت لە دوایین ساتی مامەڵەکاندا سنوورداربوو بەهۆی سەرهەڵدانەوەی پەتای کۆرۆنا لە چین و نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی جیهان بەهۆی پێشبینییەکان بۆ بەرزکردنەوەی زیاتری سوودی بانکی.
ئێلی تیسفایی، شرۆڤەکاری بە کۆمپانیای راوێژکاری ( ئاڕ جی ئۆ فیوچەرز) رایگەیاند، ئەگەر چاو لە چارتی نرخی هەفتانەی نەوت بکەین دەبینین نرخەکان لەم هەفتەیەدا بەراورد بە هەفتەکانی دیکە دابەزیون و ئەوەش بە مانای ئەوەیە کە گوشاری زۆر لەسەر نرخی نەوت هەیە و روانگەی بازرگانان بۆ نەوت دەردەخات و بەوپێیەش پێشبینی دابەزینی زیاتری نرخی نەوت دەکرێت.
نرخی زێڕ بۆ 1712 دۆلار بەرزبووەوە
نرخی زێڕ دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە بازاڕی کاری ئەمریکا، دابەزی بۆ ئاستی 1696 دۆلار بەڵام لە دوایین ساتی داخستنی بازاڕدا نرخەکەی بەرزبووەوە و هەندێ لە دابەزینەکانی قەرەبوو کردەوە.
لە کاتی داخستنی بازاڕدا نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 1712 دۆلار بەرزبووەوە.
لە مانگی رابردوودا ئابووریی ئەمریکا زیاتر لە پێشبینییەکان توانی 308 هەزار هەلیکاری نوێ بڕەخسێنێت، بەڵام بەپێی ئامارەکان رێژەی بێکاری لە ئەمریکا بەرزبووەتەوە بۆ 3.7٪ کە زیاتر بووە.
کەمتر لە 3 هەفتەی دیکە لە رۆژانی 24 و 25 ی ئەم مانگە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بۆ جارێکی دیکە لەسەر بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بڕیار دەدات و هەر لەئێستاوە بازاڕی زێڕی ناجێگیر کردووە.
نیگەرانی لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا تاوەکو بەر لە بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە بازاڕی کاری ئەمریکا، نرخی زێڕی بۆ خوارەوەی 1700 دۆلار دابەزاند، بەڵام لەدوای ئامارەکان نرخی زێڕ هەندێ لە زیانەکانی قەرەبوو کردەوە.
بەهای دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:
100 دۆلار بەرامبەرە بە 148 هەزار و 100 دیناری عێراقی
یۆرۆ – دۆلار 0.993 EUR/USD
پاوەند – دۆلار 1.148 GBP/USD
دۆلار – لیرە 18.20 USD/TRY
یەک دۆلار – ریاڵ (تمەن) 30 هەزار و 050 تمەن USD/IRR
یەک دۆلاری ئەمریکی: 60.28 روبڵی رووسی