هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی: ھیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان دیاری نەکراوە

سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق گوتی، تاوەکو ئێستا ھیچ وادەیەک دیاری نەکراوە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق ئەنجامبدرێت و ھەر وادەیەکیش دابنرێت بەھەماھەنگی دەبێت لە نێوان سەرجەم فڕاکسیۆنەکان.

دکتۆرە ڤیان سەبری، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “دوای رووداوەکانی ئەم دوایە و کۆتایی ھاتن بە رووداوەکان و ھێوربوونەوەی دۆخەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا ھیچ وادەیەک دیاری نەکراوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق دەستپێبکاتەوە”.

سەبری باسی لەوەشکرد: “ھەر کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی عێراقیش ئەنجامبدرێت پێویستی بەتەنسیق و ھەماھەنگی ھەیە لە نێوان فڕاکسیۆنەکان، بۆ ئەوەی بتواندرێت پەرلەمان کۆبێتەوە و دەست بەکۆبوونەوەکانی خۆی بکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا باسی نەکراوە و وادەشی بۆ دیاری نەکراوە”.

ئەمەش لەکاتێکدایە دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە گوایە دوای ھێوربوونەوەی دۆخی عێراق ھەفتەی داھاتوو پەرلەمان کۆدەبێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش چوارچێوەی ھەماھەنگی دەستپێشخەری کردووە، بەڵام سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی ڕەتی دەکاتەوە ھیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان دیاری کرابێت.