هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسى پێشوازى له‌ كونسوڵى گشتى به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد

ئه‌مرۆ له‌ باره‌گاى مه‌كته‌بى سیاسى پارتی دیموكراتی كوردستان، فازڵ میرانى سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسى پێشوازى له‌ (دیڤید هنت) كونسوڵى گشتى به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمى كوردستان و شاندى یاوه‌رى كرد.

له‌ دیداره‌كه‌دا سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسى وێراى به‌ خێرهێنانى میوانه‌كان باسى بارودۆخى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و دواپێشهاته‌كان و ئاسته‌نگ و كۆسپه‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌ى سیاسى عێراق و كێشه‌ و ناكۆكى لایه‌ن و هێزه‌كانی كرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌ گرنگه‌ به‌ سازان و دیالۆگ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان بكرێت كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ى جێگه‌ى ره‌زامه‌ندیى هه‌موو لایه‌ك بێت بۆ مسۆگه‌ركردنى ئاسایش و سه‌قامگیرى.

هه‌روه‌ها فازڵ میرانى هه‌ماهه‌نگى و هاوكارى هه‌موویانى به‌ گرنگ زانى بۆ به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوونى هه‌نگاوه‌كان و لابردنى كۆسپ و ته‌گه‌ره‌كان و جه‌ختی له‌ سه‌ر دیالۆگى نیشتمانى بونیادنه‌رانه‌ كرد و وه‌لانانى توندوتیژى و به‌گه‌ڕخستنى هه‌موو هه‌وڵێكى چاكخوازانه‌ له‌ پێناو ڕێگرى كردن له‌ ته‌شه‌نه‌ كردنى ناكۆكیه‌كان.

له‌ لاى خۆیه‌وه‌ كونسوڵى گشتى شانشینى یه‌كگرتوویی به‌ریتانیا سوپاسى سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسى كرد بۆ ئه‌م دیداره‌ و پشتیوانى وڵاته‌كه‌ى دووپات كرده‌وه‌ بۆ سه‌قامگیرى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و جه‌ختى له‌ سه‌ر گرنگى كێشه‌ و گرفته‌كان كرد كه‌ به‌ لێكتێگه‌یشتن و گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێن له‌ رێگاى دیالۆگه‌وه‌.