چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

لە 2 مانگدا زیاتر لە 6 ملیار دینار بۆ ئیدارەی سۆران خەرجکراوە 

لەماوەی دوو مانگی رابردوودا، 37 پرۆژە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران خراونەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە و زیاتر لە شەش ملیار و 500 ملیۆن دیناریان بۆ خەرجکراوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، زیاتر لە شەش ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری ئیدارەی سۆران لەماوەی دوو مانگدا خەرجکراوە.

رۆژی 14ی ئەیلوولی 2021، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێوڕەسمی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەڕێوەچوو، کە پێکهاتووە لە قەزاکانی سۆران، رواندز، مێرگەسۆر و چۆمان کە ( 13 ناحیە و 797 گوند لە خۆ دەگرن) و دانیشتووانەکەی نزیکەی 350 ھەزار کەس دەبێت و‌ رووبەرەکەی پێنج هەزار و 473 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.

ئەو پرۆژانەی لە دوو مانگی رابردوودا خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە بریتین لە:-

– پرۆژەی جووتسایدی سۆران – رواندز، كە لە ئێستادا لە قۆناغی جێبەجێكردندایە بە بڕی 349 ملیۆن و 875 هەزار دینار و ماوەی تەواوكردنی پڕۆژەكە 120 رۆژە.

– قیرتاوكردنی چەند شوێنێكی جیا جیا لە شەقامەكانی سۆران بە گوژمەی 373 ملیۆن و 230 هەزار دینار و ماوەی تەواوكردنی پڕۆژەكان 75 رۆژە.

– دروستكردنی شەقامێكی سەرەكی لە گەڕەكی بەختیاری، بە بڕی 210 ملیۆن و 942 هەزار دینار و ماوەی پڕۆژە 90 ڕۆژە.

– پڕۆژەی قیرتاوكردنی رێگەی سەرەكی شەهیدان لە قەزای رواندز بە بەهای 105 ملیۆن و 720 هەزار دینار، ماوەی پڕۆژە 90 رۆژە.

– دروستكردنی چەند شەقامێك لە گەڕەكەكانی بەرخودان، راپەڕین و رێگەی سەرەكی گوندی ناوكۆك بە بەهای 789 ملیۆن و 947 هەزار دینار.

– پڕۆژەی قیرتاوكردنی جووتسایدی دەروازەی قەزای سۆران تا سەنتەری بازاڕ بە بەهای 390 ملیۆن دینار.

– قیرتاوكردنی چەند شوێنێكی جیا جیا لە رێگەی نێوان پردی حافیز تا قەزای چۆمان بە بەهای 149 ملیۆن و 556 هەزار دینار.

– فراوانكردنی چەند پرد و شەقامێك لە قەزای چۆمان بە بڕی 92 ملیۆن دینار.

-كۆنكرێتكردنی شەقامە ناوخۆییەكان لە سەنتەری قەزای چۆمان بە بڕی 448 ملیۆن و 428 هەزار و 750 دینار.

– كۆنكرێتكردنی شەقامە ناوخۆییەكان و دروستكردنی جۆگەی ئاودێری بۆ چەند گوندێك لە ناحیەی قەسرێی سەر بە قەزای چۆمان بە بەهای 226 ملیۆن و 589 هەزار دینار.

– قیڕتاوكردنی رێگەی گوندی ناوەندە لە قەزای چۆمان بە بڕی 100 ملیۆن دینار.

– قیڕتاوكردنی رێگەی گوندی گەزنەی سەر بە چۆمان بە بڕی 150 ملیۆن دینار.

– دروستكردنی ئاوەڕۆی لوولەیی لە شارەوانی وەرتێ بە گوژمەی 200 ملیۆن و 615 هەزار دینار.

– پڕۆژەی دروستكردنی سەرپۆش بۆ جۆگەی كراوە و لەبغكردنی لە قەسرێ بە گوژمەی 9 ملیۆن دینار.

– چەند پڕۆژەیەكی جیا جیا لە قەزای چۆمان بە بڕی 92 ملیۆن دینار.

– دروستكردنی پردێك لە گەڕەكی گوڵان لە قەزای چۆمان بە بڕی 8 ملیۆن و 330 هەزار دینار.

– دانانی رووناكکەرەوە لە ناحیەی وەرتێ لە قەزای رواندز بە بەهای 59 ملیۆن و 76 هەزار دینار.

– كۆنكرێتكردنی كۆڵانەكانی سەنتەری ناحییەكە بە بەهای 200 ملیۆن و 615 هەزار دینار.

– كۆنكرێتكردن و قیرتاوكردنی چەند شەقامێك لە گوندەكانی سنووری ناحیەی وەرتێ بە بەهای 114 ملیۆن و 812 هەزار و 500 دینار.

– پڕۆژەی رووناككردنەوە لە ناحیەكانی مەزنی و بلێ، گوندەكانی بارزان، بازێ لە قەزای مێرگەسۆر بە بەهای 65 ملیۆن دینار.

– پڕۆژەی تۆڕی رووناكی شەقامی پیشەسازی كۆن تا كۆتایی گەڕەكی برایەتی بە بەهای زیاتر لە 37 ملیۆن دینار.