پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

نرخی نەوت بەرزبووەوە و زێڕ دابەزی

دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە نزیکەی پێنج دۆلار لە نرخەکەی لەدەستدا بۆ هەر بەرمیلێک، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوت بووژانەوەی بەخۆیەوەبینی و بە سەرووی 100 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەشێکی پەیوەندی بە بڵاوبوونەوەی داتاکان هەیە لە ئەمریکا کە پێشانی دەدەن خواست بۆ نەوت جێگیرە. هاوکات دابەزینی بەهای دۆلار لە رۆژانی رابردوو کاریگەری لەسەر نرخەکە هەیە.

رۆژی سێشەممە نرخی نەوت 5%ـی نرخەکەی لەدەستدا ئەوەش بەشێکی بەهۆی ترس لە کەمبوونەوەی خواست بوو لەسەری دوای ئەوەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە چین زیادیکرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 31-8-2022 نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە 100 دۆلار و یەک سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هاوکات بەرمیلێک نەوتی خاوی رۆژئاوای تێکساس بە 92 دۆلار و 45 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

بازرگانانی نەوت نیگەرانن لە بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا و چاوەڕوان دەکەن لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە رێژەی سوودی بانکی بەرزبکرێتەوە و بەو هۆیەشەوە کاریگەری دەکەوێتە سەر نرخی کاڵاو کانزاکان.

نرخی زێڕ دابەزی

ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی زێڕ کەمێک دابەزی و هەر ئۆنسەیەک بە هەزار و 736 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. 

بەهۆی لێدوانەکانی هەفتەی رابردووی جێرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەوەی کە بەردەوام دەبن لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بۆ کۆنترۆڵکردنی رێژەی هەڵاوسان نرخی زێڕ، رۆژی دووشەممە بۆ نزیکەی 1719 دۆلار دابەزی بوو، بەڵام لە رۆژی سێشەممە بۆ نزیکەی 1740 دۆلار بەرزبووەوە.

دابەزینی نرخی زێڕ بەشێکی پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارەوە هەیە. 

لە چەند مانگی رابردوودا نرخی زێڕ بە ناجێگیری ماوەتەوە و لە مانگی تەممووزدا بۆ ئاستی 1690 دابەزی، ئەوە لەکاتێکدایە بازرگانان پێشبینیدەکەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا بە رێژەی 0.75٪ سوودی بانکی لە مانگی داهاتوو زیادبکات.

بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا زیاتر لە ئاستی چاوەڕوانییەکان دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری بەهای دۆلار و دابەزینی نرخی کاڵا و کانزاکان.

بەهای دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:

100 دۆلار بەرامبەرە بە 148 هەزار و 25 دیناری عێراقی

یۆرۆ – دۆلار 1.004 EUR/USD

پاوەند – دۆلار 1.168 GBP/USD

دۆلار – یەن 138.351 USD/JPY

دۆلار – لیرە 18.18 USD/TRY

یەک دۆلار – ریاڵ (تمەن) 29 هەزار و 930 تمەن USD/IRR

یەک دۆلاری ئەمریکی: 60.0 روبڵی رووسی