زانکۆی سەلاحەدین 15 قوتابی بۆ خوێندنی فڕۆکەوانی دەنێرێت

هێمن خەلیل- هه‌ولێر

زانکۆی سەلاحەدین- هەولێر ( 15) قوتابی بۆ قوتابی بۆ ئەکادیمیای فڕۆکەوانی شاهانەی ئوردەن دەنێرێت کە(11) کوڕ و ( 4) کچن.

لەم بارەوە سامان عەبدوڵا بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە ڕۆژنامەی هەولێری ڕاگەیاند: زانکۆی سەلاحەدین 15 قوتابی بۆ خوێندنی فڕۆکەوانی، دەنێرێت بۆ ئه‌كادیمیای فڕۆكه‌وانیی شاهانەی ئوردن، کە خوێندن‌ لەو ئه‌كادیمیایە دوو ساڵە و له‌م ماوەیەدا خوێندکاران ته‌نیا بابه‌ته‌ پراكتیكییه‌كان ده‌خوێنن و بڕوانامه‌ی بەكالۆریۆسیان له‌ زانكۆی سه‌لاحه‌دین پێ ده‌درێت و مۆڵه‌تی فڕۆكه‌وانیان له‌ ئوردن پێ ده‌درێت.
،هەروەها گوتیشی”قوتابییان دەبێ چوار ساڵ بخوێنن، دوو ساڵی یەکەم بەشێوەی مەنهەج لە زانکۆی سەلاحەدین دەخوێنن و دوو ساڵی کۆتایی لە ئه‌كادیمیای فڕۆكه‌وانی شاهانەی ئوردن دەخوێنن، دوو ساڵی یەکەم لەسەر ئەرکی زانکۆی سەلاحەدین دەبێت و دوو ساڵی دووەم دەبێ خوێندکارەکان خەرجی خوێندنی خۆیا لەو زانکۆیەدا بکێشن، بەڵام لەلایەن زانکۆی سەلاحەدینەوە کارئاسانی و چاودێرییان دەکرێت”.
بەڕێوەربەری راگەیاندن ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاربوو ئەو قوتابییانەی لە ئۆکراینا دوو ساڵی کۆتایی بخوێنن، بەڵام بەهۆی شەڕی رووسیا-ئۆکرایناوە هەڵوەشایەوە و گواسترانەوە بۆ ئوردن.
رەهەند رێبوار، یەکێک لەو خوێندکارانە بە “هەولێر”ـی گوت: ئەو زانکۆیەی ئەوانی لێ وەرگیراوە، یەکێکە لە باشترین زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی لە رووی ئەندازەی فڕۆکەوانییەوە، جگە لەوەش لەو زانکۆیە بڕوانامەی کارکردنیان پێدەبەخشرێت و دەتوانن راستەوخۆ وەک ئەندازیاری چاککردنەوەی فڕۆکە لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەستبەکاربن.
ئەکادیمیای فڕۆکەوانی شاهانەی ئوردن، ساڵی 1966 دامەزراوە، یەکێک لە ئەکادیمیایە پێشەنگەکانی ناوچەکەیە لە بواری راهێنانی فڕۆکەوانی و گەورەترین ئەکادیمیای فڕۆکەوانییە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا، هەروەها ئەکادیمیاکە لەلایەن دەسەڵاتی رێکخستنی فڕۆکەوانیی مەدەنی ئوردنەوە متمانەپێکراوە، کە لەلایەن رێکخراوی نێودەوڵەتی فڕۆکەوانیی مەدەنی (ICAO)وە بەپێی ستانداردەکانی ئاژانسی سەلامەتیی فڕۆکەوانی ئەوروپاوە دانپێدانراوە.

ھەواڵی زیاتر