پەیكەری شاعیری کورد(ئەحمەد موختار جاف) لە هەڵەبجە دانرا

0عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

بەبۆنەی نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەیەك لە شاری هەڵەبجەی شەهید، پەیكەرێك بۆ ئەحمەد موختار جاف، شاعیری ناسراوی ئەو شارە لەبەردەم قوتابخانەكەدا دانرا.

لە مەراسیمێكدا بە بۆنەی نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەی ئەحمەد موختار جاف لە شاری هەڵەبجە، پەردەش لەسەر شاعیری گەورەی كورد (ئەحمەد موختار بەگی جاف) لە بەردەم قوتابخانەكەدا لا درا كە پەیكەرساز چێنەر نزار دروستی کردووە و لەسەر ئەركی گروپی كۆمپانیاكانی هەڵەبجە، ئاسۆ بامۆكی جێبەجێ كراوە.
لەو بارەیەوە چێنەر نزار بە (هەولێر)ی راگەیاند، ئەو پەیكەرە پێوانەكەی ٤٥٠ سانتیمەترە و بە ماددەی (بڕۆنز) داڕێژراوە و چەندین كەس لە گروپی كۆمپانیاكانی هەڵەبجە هاوكاریان كردووە.
ناوبراو روونیكردەوە، هەڵبژاردنی ناوەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە سەردەمانی پێشتردا هەمان قوتابخانە و پەیكەری شاعیری گەورە ئەحمەد موختار جاف هەبووە، بۆیە لایەنی جێبەجێكار پێی باشبوو هەمان پەیكەر دروست بكرێتەوە.
ناوبراو وتی “جیاوازی ئەم پەیكەرەم لەگەڵ پەیكەرەكانی دیكە ئەوەیە كە هەنگاوێكی گەورەی كارەكانمە و پەپكەرەكە چوار مەتر و نیوە و لە ماوەی نزیكەی شەش مانگدا تەواوم كرد، دوای دانانی پەیكەرەكەش خەڵكانێكی زۆر پەیوەندییان كردووە و دەستخۆشییان لێ كردووم كە ئەوەش هانم دەدات بۆ كاری باشتر”.
سەبارەت بەوەی بۆچی ئەم پەیكەرە نزیكەی چوار مەتر و نیوە، چێنەر روونیكردەوە “دروستكردنی ئەم پەیكەرە پشتی بە لایەنی ئەندازیاری بەستووە و لەگەڵ ئەندازیارانی پەیكەرەكە دانیشتن كراوە، چونكە بەرزی پەیكەرەكە بە گوێرەی بەرزیی بیناكە دیاری كراوە واتە نە بەرزتر و نە نزمتر”.

ھەواڵی زیاتر