سێشەممە, تشرینی دووه‌م 5, 2024
Image default

وشە‌ وای گوت

سالار عوسمان

لەنێوان گوتن و نەگوتندا،

چی بڵێین؟!…
هەموو ئەو قســـانەی کراون بەس نین، هێشـــتا مرۆڤایەتی، مێژوو، ئایین، هونەر، ئەدەبیات، فەلسەفە، هزر و جۆری تێگەیشتنەکان قسەی زۆریان ماوە، دەبێ ئێستێک بکەین، ئێستێک بکەین و بپرســـین، ئەرێ چی گوتراوە لەســـەر خودا، لەســـەر دادپەروەری، لەسەر عەشق، لەسەر جەنگ، لەسەر ململانێی ئینسانەکان و، ئەرێ بەڕاست، بۆ تا ئێستا ئینسانەکان تێک ناگـــەن و لێک حاڵی نین ؟!.. ئەرێ بۆ ئەم دەیەوێ ئەو بکوژێ و ئەویتر دەیەوێ دەســـت بەســـەر هەموو شتێکدا بگرێ؟!.. کەواتە پێویستمان بە قسەی نوێ هەیە، بۆ ئەمەیش لانی کەم دەبێ گومان بخەینە سەر نیوە پتری قسەکانی دوێنێ، تایبەت قسەی سەر سەکۆکان، ئەو قســـانەی ڕازابوونـــەوە و چوون مرواری ئەبریقانەوە، یان قســـەی نێو مینبەرەکان، کە هەمیشـــە داپۆشـــرابوون بە پیرۆزیی، بەڵێ دەبێ گومان بخەینە ســـەر ئەو وشە مروارییە بریقەدارانەی، کە نەیانتوانی ناشـــیرینی چارەســـەر بکەن، دەبێ گومان بخەینە سەر پەیڤە
پیرۆزەکانی ئەو مینبەرانەی، کە نەیانتوانی جەنگ ڕابگرن و هەژاری چارەسەر بکەن!.. گومـــان لە دەقێک، بیرمەند و نووســـەرێک بکـــەن، کە نەتوانێ گفتوگۆ بـــکات، گومان لە حاخام، قەشـــە و مەلایەک بکەن، کـــە هاوار بکات و نەتوانێ بە ئارامـــی بپەیڤێت، گومان لـــە سیاســـییەک، تێکۆشـــەر و ئازادیخوازێک بکەن، کـــە نەتوانێ ژن و گەنـــج و جیاوازی لـــە ڕوانگاکانیـــدا کۆبکاتەوە، گومان لـــە گێڵگەیەک بکەن، کە ئەکێڵدرێ و شـــین ئەبێ و
بەروبوومەکەی ناگاتە دەستی ئاوایی!.. ژیـــان خراپ بەڕێـــوە دەچێت، تایبەت لەم ڕۆژهەڵاتی ناڤینـــە، تایبەت بۆ ئێمەی کورد، کە لەوەتـــەی هەین دەچەوســـێندرێینەوە، لەوەتەی هەین بە بەرچاوی دونیـــای نوێ، دونیای بەناو دیموکراســـی، دونیای بە ناو مافی مرۆڤ، کۆنەپەرســـتانە، دیکتاتۆریانە و فاشیزمانە ئەکوژرێین، بوون و کبریائمان ئەشـــێوێندرێ و هەوڵی ســـڕینەوەمان ئەدرێت، سڕینەوەی خاک، مرۆڤ، مێژوو، تەنانەت سڕینەوەی میلۆدییەکانیشمان، کەواتە دەبێ گومان لە هەموو شـــت بکەین، لە بەرامبەرەکان، لە مەرزەکان، لە ســـنوور، لەو خواردنانەی دێنە ژوورەوە، تەنانەت لە ترپەی پێی با، لەو تۆز و خۆڵ و غوبارەیش، کە ماوەیەکە کوردســـتانی تاریک کردووە!.. لە دوماهیدا دەڵێم :
*بە گومانەوە لە ژیان بڕوانە تا بگەیتە یەقین. * بە یەقینەوە، بە بڕوا و ئیرادەی پتەوەوە هەموو ئەو قسانە بکە، کە تا ئێستا نەگوتراون. * هەموو ئەو ڕستە پاکانە بدۆزەوە، کە ڕێ لە پیسی دەگرن. * هەموو ئەو پەیڤە شیرینانە بکە بە ڕستە، کە تاڵیی چارەسەر دەکەن. * بڕوات بەوە هەبێ، کە ڕستەگەلێکی ئاشییانە هەن و دەتوانن کۆتایی بە جەنگ بێنن، بە دوایاندا بگەرێ و کۆڵ مەدە. * ماندوو مەبە، هەژاری چارەســـەری هەیە، بەڵام بەدوای ئەو قســـانەدا بگەڕێ، کە نانیان پێیە. * دادپەروەریی هەر بە خەیاڵی وشـــە بریقەدارەکان چێ نابێ، گورج و گۆڵتر بە دوای وشە کردەییەکاندا بگەڕێ. * بڕوای تەواوت بەوە هەبێ، کە بارتەقای هەموو ژیان، وشە و ڕستە و قسەی نەگوتراو هەن و دەبێ بۆ باشترکردنی ژیان بیاندۆزینەوە و بیانکەین و، ئیتر کاروانەکە دەست پێ بکەین، کاروانی گوتنی قسە نەگوتراوەکان!.