ئەمڕۆ پڕۆسەی ھەڵبژاردنی نوێنەران له‌ سلێمانی و سۆران و خانەقین بەرێوەدەچێت

جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، پڕۆسەی ھەڵبژاردنی نوێنەران بۆ کۆنگرەی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوامە و ئەمڕۆش لەچەند لقێک بەرێوەدەچێت، لەوانە سلێمانی و سۆران و خانەقین.

نەجات حەسەن، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “پڕۆسەی ھەڵبژاردنی نوێنەران بۆ کۆنگرە بەردەوامی ھەیە و دوای ئەوەی دوێنێ قەزای چۆمان نوێنەرانی خۆیان ھەڵبژارد، ئەمڕۆش لە لقەکانی دیکەش پڕۆسەی ھەڵبژاردنی نوێنەران دەستی پێکردووە، لە سۆران و خانەقین و سلێمانی و لە لقەکانی دیکەش دەکرێت”.

نەجات حەسەن گوتیشی: “لە ھەموو لقەکان دەستپێدەکات بەپێی گەورەیی ناوچەکان و شوێنی جوگرافیای ناوچەکان دەبێت، بۆیە ماوەیەکی دیاریکراو نیە بۆ بەرێوەچوونی پڕۆسەکە و بەردەوام دەبێت تا تەواو دەبێت و دواتر ھەنگاوی دیکەمان دەبێت”.

حەسەن باسی لەوەشکرد: “تاوەکو ئێستا پڕۆسەکە زۆر بەباشی و بەپێی پلانی بۆدانراوە بێ کێشە و گرفت بەرێوەدەچێت”.

ھەواڵی زیاتر