ملیاردێری جیهانی (ئیلۆن ماسک) نهێنی ژیانی خۆی ئاشکرا دەکات

چەند مانگێک دوای ئەوەی ملیاردێرە جیهانییەکە، ئیلۆن ماسک، پشتڕاستیکردەوە کە خاوەنی خانوو نییە بەڵکو لە ماڵی هاوڕێکانیدا دەخەوێت، دایکی خاوەنی کۆمپانیای تێسلا بابەتەکەی پشتڕاستکردەوە.  

مای ماسک، دایکی ماسک، ئاشکرای کردووە کاتێک سەردانی کوڕەکەی دەکات دەبێت لە گەراجەکەدا بخەوێت و دەڵێت، “ئەو هەرگیز گرنگی بە موڵک و ماڵی نادات.”  

ئاماژەی بەوەشکردووە، کاتێک میوانی ئەو سەرمایەدارە تەکنەلۆژیایە بووە کە سامانەکەی 229 ملیار دۆلارە، لە ویلایەتی تەکساس، ناچار بووە لە گەراجی تەنیشت ئۆتۆمبێلەکەی بخەوێت، بەپێی هەواڵێکی نیویۆرک پۆست.  

شایانی باسە کە ئیلۆن ماسک کە لە لیستی دەوڵەمەندترین کەسانی جیهان لە لیستی فۆربێسدایە، مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوو ئاشکرای کرد کە خاوەنی ماڵ نییە و لەسەر جێگا یەدەگەکانی ماڵی هاوڕێکانی دەخەوێت.  

دامەزرێنەری تێسلا لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ئێستادا خاوەنی ماڵی خۆی نییە و لەگەڵ هاوڕێکانی لە ناوچەی کەنداوی سانفرانسیسکۆ دەمێنێتەوە، لە نزیک بارەگای سەرەکی کۆمپانیای تێسلا، کاتێک لە شارەکەدا کاردەکات.  

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر گەشت بکات بۆ ناوچەی کەنداوی سانفرانسیسکۆ کە زۆربەی ئەندازیارییەکانی تێسلا لێیە، ئەوا لە نێوان ژووری نووستنی یەدەگی هاوڕێکانیدا دەگۆڕێت، جەختیشی لەوە دەکاتەوە کە جێگەی نوستنی نییە، هەروەها هیچ پشوویەکیش وەرناگرێت.  

ئاماژەی بەوەشکرد، تەنها یەک شتی هەیە ئەویش فڕۆکەکەیە، چونکە ناچارە بەکاری بهێنێت بۆ ئەوەی کاتژمێرەکانی کارکردن بەهۆی گەشت و درێژی ڕێگاکان بەفیڕۆ نەدات، هەربۆیە بەکارهێنانی فڕۆکەکە وا دەکات بۆ ماوەیەکی درێژتر کار بکات.  

سامانەکەی ماسک نزیکەی 229 ملیار دۆلارە، هەروەها دەوڵەمەندترین کەسە لە ئەمریکا و جیهاندا.  

ھەواڵی زیاتر