سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی هۆشداری دەدات، لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە عێراق، هاوشێوەی شەڕی ناوخۆی لوبنان.
فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە وتارێکیدا کە لە ماڵپەڕی زەمان بڵاوکراوەتەوە بە ناونیشانی “بەڵی بۆ گفتوگۆ نا بۆ شەڕ” هۆشداریداوە لە تەقینەوەی ناکۆکییەکانی نێوان هێزە سیاسییەکانی عێراق و ئاماژەی بەوە کردووە “لە ئەگەری بەردەوامبوونی ناکۆکییەکان، دۆخی عێراق ئاڵۆز دەبێت و هاوشێوەی جەنگی عێراق و ئێران لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو و شەڕی ناوخۆیی لوبنان لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو”.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا فازڵ میرانی ئەوەی خستووەتەڕوو “ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئامادە نین بۆ هیچ سەرکێشیەک کە گرێبەستی کۆمەڵایەتی بسووتێنێت یان زیان بە دەستکەوتەکانی میللەتەکەمان بگەیەنێت، بۆیە هیشتا سەرۆک بارزانی بەردەوامە لە دووپاتکردنەوەی بانگەوازەکەی بۆ هێمنی و دیالۆگی نێوان لایەنەکان و خۆلادان لە ئەگەری هەر دۆخێکی مەترسیدار”.
میرانی نووسیویەتی “هێشتا پێمان وایە کەسی ژیر هەن و کاردەکەن بۆ دوورخستنەوەی عێراق لەم دۆخەی پێشبینیی بۆ دەکەین، ئێمەش لە کوردستان هەوڵدەدەین ببینە توخمێک بۆ بەهێزکردنی عێراق، هەرچەندە خیانەتمان لێبکرێت و هەوڵی سووتاندنی خاکەکەمان بدرێت، هێشتا ئامادەکاری دەکەین بۆ بەرگریکردن لە ئێستا و داهاتوومان”.