چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

عێراق له‌ ریزبه‌ندی 79ـه‌مین وڵاتی جیهاندایه‌ كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ژێر هێڵی هه‌ژارییدان

بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق، نۆ ملیۆن هاووڵاتی عێراقی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

زیكرا عەبدولرەحیم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی چاودێریی كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کردووە، یەك ملیۆن و 400 هەزار خێزان مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتی وەردەگرن، ئەمەش لە كاتێكدایە كە ئەوانەی شایستەن ئەو مووچەیە وەربگرن سێ ملیۆن خێزانن.

راشیگەیاندووە: ” 200 هەزار گەنج ئەوانەی كە دەتوانن كار بكەن، مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتی وەردەگرن”.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی چاودێریی كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، لە عێراقدا نۆ ملیۆن هاووڵاتی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

بەگوێرەی راپۆرتێکی گۆڤاری گلۆبال فێنانسی ئه‌مه‌ریكی، عێراق له‌ ریزبه‌ندی 8ـه‌مین وڵاتی عه‌ره‌بی و 79ـه‌مین وڵاتی جیهاندایه‌ كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ژێر هێڵی هه‌ژارییدان، به‌وه‌ی هه‌ر تاكێكی عێراقی ساڵانه‌ پێویستی به‌ 12 هه‌زار دۆلار هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بژێوی و پێداویستییه‌كانی دابین بكات.