بۆچی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ناتوانێت بەشداری لە جامپیۆنزلیگدا بکات؟

ئەگەری هەیە دوا رۆژەکانی بازاڕی گواستنەوەی هاوینە گۆڕانکارییەکی لەناکاو لە داهاتووی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالیی یانەی مانچێستەر یونایتددا بکەن و ریزەکانی یانەکەی جێبهێڵێت.

دوو رۆژە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باس لە خواستی یانەی ناپۆلیی ئیتاڵی دەکەن بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ خاوەنی 5 باڵۆن دۆر. 

بەپێی سەرچاوەیەکی فەرمی لە یانە ئیتاڵییەکەوە، ناپۆلی چووەتە ناو دانوستاندنێکی جددی لەگەڵ دۆن، بۆ ئەوەی لە زووترین دەرفەتدا گرێبەستەکەی کۆتایی پێبهێنێت. 

هەندێک سەرچاوەی دیکەش دووپاتیانکردووەتەوە کە ئەو دانوستاندنە لە ئارادایە، بەڵام دەشڵێن “ئەو گرێبەستە هێشتا مەترسی شکستی لەسەرە، بە لەبەرچاوگرتنی خواستی مانچێستەر یونایتد بۆ گواستنەوەی ڤیکتۆر ئۆسیمێن، هێرشبەری ناپۆلی، لە بەرامبەر دەستبەرداربوون لە رۆناڵدۆ، بەو پێیەی ئەو یاریزانە نایجیرییە رەتیدەکاتەوە بچێتە یانەی مانچێستەر یونایتد”.

بەڕێوەبەری کارەکانی ئۆسیمێنیش لەم دواییانەدا خواستی ئەو یاریزانەی پشتڕاست کردبووەوە کە لەگەڵ یانەی ناپۆلی بەردەوام بێت، بەمەبەستی بەشداریکردن لە چامپیۆنزلیگدا.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەست بە ئاسوودەیی ناکات لەگەڵ یانەکەی ئێستای، بەو پێیەی ناتوانێت بەشداری لە جامپیۆنزلیگدا بکات، کە پاڵەوانێتییە دڵخوازەکەیەتی، بۆیە بە درێژایی ئەم هاوینە لە هەوڵدا بووە بۆ جێهیشتنی ریزەکانی یانەی شەیتانە سوورەکان و پەیوندیکردن بە یانەیەکەوە، کە بەشداری لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا بکات.

ھەواڵی زیاتر