چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سه‌رۆكى هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کۆنسوڵی نوێی ئەمریکا دەکات

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2022/8/24 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز ئیرڤن هیكس جوونیه‌ر كونسولى گشتیى نوێى ‏ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى وێڕاى به‌خێرهێنان، پیرۆزبایى لێكرد بۆ ‏ده‌ستبه‌كاربوونى و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هه‌روه‌ها هه‌موو پشتگیرییه‌كى ‏هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌ى نیشان دا.‏

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز كونسولى نوێى ئه‌مه‌ریكا خۆشحاڵیى خۆى به‌ ده‌ستبه‌كاربوونى ‏له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و جه‌ختى له‌ خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ بره‌ودانى ‏په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.‏

هه‌ردوولا دوا پێشهاته‌كانى عێراق و كێشه‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌ى سیاسییان تاوتوێ ‏كرد و له‌مباره‌یه‌وه‌ ‌سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ چاره‌سه‌رى دۆخى ‏عێراق ته‌نیا به‌ گفتوگۆ و لێكگه‌یشتن له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور ده‌كرێت، هه‌روه‌ها ‏باسى له‌ دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و گرنگیى یه‌كڕیزیى نێوان لایه‌نه‌ ‏سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كرد.‏

ده‌رباره‌ى په‌یوندییه‌كانیش، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌‌ كه‌ ده‌رفه‌تى ‏هاریكاریى ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌ به‌تایبه‌تى له‌ بوارى ‏وه‌به‌رهێنان و كه‌رتى تایبه‌تدا. ‏

شه‌ڕى دژى تیرۆر و مه‌ترسییه‌كانى داعش، گرنگیى بره‌ودان به‌ دیموكراسى و ‏پاراستنى مافه‌كانى مرۆڤ و ئازادییه‌كان و ئازادیى ڕاده‌ربڕین له‌ هه‌رێمى كوردستان، ‏دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ‏دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.‏