گرژی و ئاڵۆزییەکانی عێراق قوڵتر دەبنەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

دوای پەکخرانی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق، دامەزراوەیەکی تری گرنگ پەک خرا لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و دادگای باڵای فیدراڵییە و بەمەش عێراق کەوتووەتە دۆخێکی ئاڵۆزتر و دیار نییە ئەم وڵاتە بەرەو چ ئاقارێک هەنگاو دەنێت.

دوای ئەوەی بەرەبەیانی دوێنێ سێشەم لایەنگرانی رەوتی سەدر مانگرتنیان بردە بەردەم بارەگای ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و کۆمەڵێک دواکاری کۆن و نوێیان پێشکەشی ئەنجوومەنەکە کرد، هەڵوێستی ئەنجوومەنەکە و پاشان چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەدواوە بووە و دۆخی سیاسی عێراق هێندەی تر ئاڵۆز بووە.
خۆپێشانده‌ران و لایەنگرانی سەدر داوایان له‌ ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری كردبوو‌، چیتر دەست لە کاروباری سیاسی وەرنەدات و رۆڵی بگێڕێت لە بنبڕکردنی گەندەڵی و گەندەڵکاران، هاوکات دووپاتی کردەوە دەبێت پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن بکرێت. ئەم داواکارییە لە کاتێکدایە پێشتر ئەنجوومەنەکە بە نا وەڵامی سەدری دابووەوە و گوتبووی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە.
لە دوای ئەو هەڵوێستەی لایەنگرانی سەدر و مانگرتنیان، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریاندا سەرجەم کارەکانیان رابگرن. ئەوان باسیان لەوە کردووە بەرپرسیارێتیی ئەو دۆخە دەکەوێتە ئەستۆی سەدر و لایەنگرانی کە بوونەتە هۆی راگرتنی پڕۆسەی یاسایی و دادگا.
هەر دوێنێ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لەگەڵ دادگای باڵای فیدراڵی کۆبووەوە و ئەوە بڵاو کرایەوە کە بە تەلەفوون هەرەشەیان لێ کراوە و بۆیەش بڕیاریانداوە کارەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و دادگای باڵای فیدراڵی و دادگاکانی تری پێوەندیدار رابگرن و سەرجەم هەوڵەکانی سەدریشیان بە نایاسایی و نادەستووری هەژمار کرد. هەروەها ئەنجوومەنەکە ئەنجامی ئەو دۆخەی خستە ئەستۆی حکوومەتی عێراق و رەوتی سەدر.
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە بە سەردانێک گەیشتبووە میسر، کاتێک هەواڵی ئەم دۆخەیان پێگەیاند بەپەلە گەڕایەوە بەغدا تا بتوانێت دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات و نەهێڵێت دامەزراوەکان لە شیرازەی خۆیان دەربچن. ئەو هۆشداری دا لە پەکخستنی دامەزراوەی دادوەری لە عێراق و بە هەنگاوێکی مەترسیداری هەژمار کرد. مەترسیی ئەوە لەئارادەیە دامەزراوەی تریش پەکیان بکەوێت و هەموو ئەوانەش کاریگەریی خراپ و نەرێنی بخەنە سەر ژیانی هاووڵاتیان.
جێی باسە کێشە و ناکۆکییەکانی عێراق بە تایبەتی ئەو کێشانەی کەتووەتە نێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە جیاتی ئەوەی بەرەو چارەسەری بچن رۆژ بەڕۆژ ئاڵۆزتر دەبن و تەنگژەی نوێ جێگەیان دەگرێتەوە. دانوستانەکانی نێوان ئە دوو لایەنەی شیعە بە تەواوی وەستاوە و لە میدیاکانەوە پەیام و هەڕەشەکانیان بە یەکتر دەگەیەنن.
لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبەرانبەر ئەو جووڵانەی سەدر و پەکخرانی ئەنجوومەنی دادوەری لای خۆیان دەستیان بە جووڵە کردووە و هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی لە کۆبوونەویەکدا بە فەرمی دوایین هەڵوێستی خۆیان لەسەر ئەم رووداوانە رابگەیەنن.
لە لایەکی ترەوە محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نیگەرانیی خۆی لەم دۆخە دەربڕی و گوتی دەبێت دەستوور بکرێتە بنەمای چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان.
نووسینگەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراقیش هۆشداریی دا لە پەکخرانی دامەزراوەکانی عێراق وبە پێویستی زانی دامەزراوەکان بە بێ هیچ بەربەستێک درێژە بە کار و چالاکییەکانی خۆیان بدەن.
رەوتی سەدر پێی وایە ئەنجوومەنی دادوەری لە پڕۆسەی سیاسی عێراق رۆڵێکی نەرێنی بینیوە و تەنانەت خۆی داوای لەسەرکارلادانی سەرۆکی ئەنجوومەنەکەی کردبوو.
پێویستە بگوترێ دادگاکانیش لەم دۆخەی بەسەر عێراقدا هاتووە بێلایەن نەبوون و لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا دادگای باڵای فیدراڵی کۆمەڵێک بڕیاری دەرکردووە کە نەک کێشەکانی چارەسەر نەکرد بگرە پەرەی بە ناکۆکییەکاندا و گومانی ئەوە هەیە لایەنەکان سوود لە هەژموونی خۆیان بەسەر دادگاکان لە قازانجی پێگەی سیاسیی خۆیان وەربگرن.
لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ەوە هەڵبژاردن کراوە بەڵام سەرەڕای ئەو هەمووە هەوڵەی بۆ پێکهێنانی حکوومەت درا رەوتی سەدر هەرگیز نەیتوانی حکوومەت پێکبهێنێت و شیعە بەسەر دوو باڵدا دابەش کردووە، یەکێکیان چوارچێوەی هاوئاهەنگییە کە زۆربەی حەشدی شەعبی و گرووپەکانی نزیک لە ئێران لەخۆ دەگرێت و دووەمیشیان رەوتی سەدر و جەماوەرەکەیەتی کە شەقامی کۆنترۆڵ کردووە و لە ئەگەری پەکخرانی دامەزراوە یاساییەکان، ئەگەری جەنگی ناوخۆیی لە هەموو کاتێک نزیکتر بووەتەوە.

ھەواڵی زیاتر