قایمقامی ئاکرێ: لە ئاکرێ بە گوژمەی ٢٥ ملیار دینار کۆمەڵێک پڕۆژەی خزمەتگوزاریی جێبەجێ دەکرێن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

قایمقامی ئاکرێ، دەڵێ، بە گوژمەی ٢٥ ملیار دینار کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ لە سنووری قەزاکە جێبەجێ دەکرێن، ئەو پڕۆژانەش راستەوخۆ پەیوەندیان بە ژیانی خەڵکەوە ھەیە. دەشڵێ، کار بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ دەکرێت، کە ئێستا ٦٥% تەواو بووە، بە تەواوبوونی ئاو بۆ سەنتەری شار و ٣٠ گوند دابین دەکات.

مازن محەمەد، قایمقامی ئاکرێ، بۆ ھەولێر دەڵێت:”بە بڕی ٢٥ ملیار دینار کۆمەڵێک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری ئاکرێ جێبەجێ دەکرێن، بۆ نموونە رێگای کانیا تۆزێ، کە ٢١ کیلۆمەترە و زیاتر لە ١٤ گوند لێی سوودمەند دەبن، پڕۆژەکە بە گوژمەی ٣ ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت، لەگەڵ رێگای چەند گوندێکی دیکە، رێگاوبانی کۆڵانەکان چاک دەکرێن، لە بواری ئاو کۆمەڵێک پرۆژە جێبەجێ دەکرێن، ھەروەھا لە بواری کارەبا و پەروەردە چەندین پڕۆژە لە قۆناغی جێبەجێ کردن دان، ئەو پرۆژانەش راستەوخۆ خزمەتی ھاووڵاتییان دەکەن.
قایمقامی ئاکرێ، دەشڵێ:” ھەندێک لەو پڕۆژانە چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەوانی دیکەش ھەموویان لەمساڵدا جێ بەجێ دەکرێن و زۆربەی کەرتەکانی لەخۆ گرتووە وەک شارەوانی، رێگاوبان، پەروەردە، ئاو و کارەبا.
مازن محەمەد، ئاشکراشی کرد:” جێبەجێکردنی ئەو ھەموو پڕۆژەیە لە سنووری قەزای ئاکرێ کاریگەری لەسەر رەوشی خزمەتگوزاری دەبێت و پڕۆژەکانیش بەسەر ناحیە و گوندەکان دابەشکراون، ھەموو پڕۆژەکان لای ئێمە گرنگ و ستراتیژین، لەبەر ئەوەی خواستی خەڵکی خۆمانە و جێ بەجێی دەکەین، ئۆمێدەوارین لە داھاتوودا پارەی زیاتر دابین بکرێت بۆ تەواوکردنی ئەو پرۆژانەی کە ماون.
قایمقامی ئاکرێ، سەبارەت بە پڕۆژەی ئاوی قەزاکە، گوتیشی:” ٦٥% ڕێژەی پڕۆژەکە تەواو بووە، کە زۆر گرنگە تەواو بکرێت، وەزارەتی شارەوانی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو کار لەسەر ئەوە دەکەن کە رەزامەندی وەربگرن بۆ وەرگرتنی پارەی پێویست بۆ ئەوەی پڕۆژەکە ھەرچی زووە تەواو بکرێت، کە پێویستی بە ١١٠ ملیار دینارە بۆ ئەوەی تەواو بکرێت، بە تەواوبوونی پڕۆژەکە ئاکرێ و نزیکەی ٣٠ گوند لێی سوودمەند دەبن، کە ئاو لە زێی گەورە لە قەندیلەوە بۆ ئاکرێ ڕاکێشراوە”.

ھەواڵی زیاتر