بەڕێوەبەری سوتەمەنی ھەولێر گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ باشترکردنی جۆری بەنزینی ٨٠٠ دیناری گرێبەست لەگەڵ پاڵاوگەی لاناس کردووە، کە بەنزینێکی زۆر باشیان ھەیە و ئۆکتانەکەی سەرەوەی ٩٠ دەبێت، کە بەنزینێکی زۆر باشە و خەڵک دەتوانێت بێ دوو دڵی بەکاری بێنێت و بۆ ھەموو کوردستانیش دابینی دەکەن.
ئاری کاکەشین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام لەھەوڵدابوو جۆری بەنزینی ٨٠٠ دیناری باش بکات، بۆ ئەو مەبەستەش ئێستا گرێبەستی لەگەڵ پاڵاوگەی لاناس کردووە، کە بەشێوەیەکی یاسایی و ستانداردی جیھانی دروستکراوە و بەنزینێکی زۆر باشی ھەیە و ئۆکتانەکەی لە سەرەوەی ٩٠ دەبێت و خەڵک دڵنیادەکەمەوە بێ دوو دڵی بەکاری بێنن”.
بەڕێوەبەری سوتەمەنی ھەولێر گوتیشی: “لە ئێستادا دەست بەدابینکردنی بەنزینەکە کراوە و رۆژانە تەنھا بۆ ھەولێر ٦٠٠ ھەزار لیتر دابین دەکرێت و کار دەکرێت کە رێژەکە زیاد بێت و بەجۆرێک بتوانین ھەموو بەنزین بکرێتە ٨٠٠ دینار، چونکە کە ئەو جۆرە بەنزینە باشە ھەبێت خەڵک بەنزینی دیکە بەکار ناھێنێت، بۆیە ئەوە ھەنگاوێکی زۆر باش و گرنگە”.