وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومهتى ههرێمى كوردستان، نووسراوێکی لەبارەی لیستی مووچە بۆ هەموو وەزارەت و فەرمانگەکان نارد.
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی، کە ڕۆژی 16/8/2022 بە واژۆی ئاوات جەناب نووری، وهزیرى دارایی، دەرچووە، لەبارەی مووچە داوایەک لە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان کراوە، تێیدا هاتووه: “تکایە ئاگاداری سەرجەم فەرمانگەکان بکەنەوە، بە ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران بۆ گەنجینەی پەیوەندار، پێش 20ی هەموو مانگێک”.
وەزارەتی دارایی جەختی لهوه كردووهتهوه، هەر فەرمانگەیەک پابەندی ناردنی لیستی مووچە پێش 20ی هەر مانگێک نەبێت، ئەوە لە ماوەی دیاریکراوی ڕۆژی مووچەیان، مووچەیان دوا دەکەوێ.
ڕۆژی 14/8/2022 د. جووتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “حکوومەتی عێراق پێویست بوو بۆ ئەو حهوت مانگە، یەک تریلیۆن و 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، کەچی تەنیا 400 ملیاری ناردووە و یەك تریلیۆن دینارەکەی دیكەی نەناردووە، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەبێ دواكەوتن مووچەی دابەش كردووە و دابەشكردنی مووچەش بەردەوامی دەبێت”.
جووتیار عادل ئاماژەی بەوەش دابوو، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشینەی كارەكانی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانە، گوتیشی: “حکوومەتی هەرێمی كوردستان بێ دواکەوتن، لەو حهوت مانگەدا مووچەی لە وادەی خۆی داوە و بێ گومان ئەوەش لە خەمخۆریی حكوومەتە بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران”.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، باسى لهوهش كردبوو: “مانگانە پێویستمان بە زیاتر لە 900 ملیار دینار هەیە بۆ تەرخانکردنی مووچەی مووچەخۆران، لە داهاتی نەوتدا پێشتر مانگانە 350 ملیۆن دۆلاری بۆ دابینکردنی مووچە خەرج دەکرا، بەڵام بەهۆی ئەو چاکسازییانەی بە گشتی لە کەرتی وزەدا کراوە، ئێستا مانگانە 500 ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە خەزێنەی حکوومەت، واتا 150 ملیۆن دۆلار زیادی كردووە”.