دوای ئەوەی بەهۆی خراپی دۆخی دارایی یانەکە یانەی چەمچەماڵ ڕایگەیاند بوو ئەگەر هاوکاری نەکرێن ناتوانن بەشداری یارییەکانی ئەمەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان بکەن، بەڵام دوای ئەوەی کە بەڵێنی هاوکاریکردنیان پێدرا، لە هەنگاوێكی نوێدا یانەکە بەفەرمی ستافی ڕاهێنەرانی یانەکەی ڕاگەیاند و لەچەند ڕۆژی داهاتوو دەستدەکات بە مەشق و ڕاهێنان، سەرۆکی یانەکە لەسەر ئامادەکارییەکان قسەی بۆ ڕۆژنامەی هەولێر کرد.
چۆن بەشداری دەکەن؟
چەمچەماڵ وەرزی ڕابردوو بە ئاستێکی بەرز دەرکەوت و ئەگەرچی یانەکە چەند کێشە و گرفتێکیان هەبوو، بەڵام تا دوا ساتەکان بە ئاستێکی بەرز دەرکەوتن لە خولەکە و بە کۆکردنەوەی ٤٢ خاڵ پلەی چوارەمی خولەکەیان بەدەستهێنا، ئەم وەرزە یانەکە بە پلانێکی جیاواز ئامادەکاری بۆ خولی نایابی کوردستان دەکات، دەربارەی ئامادەکارییەکانی یانەکەیش ڕێبوار خدر سەرۆکی یانەی چەمچەماڵ بەمجۆرە قسەی بۆ ڕۆژنامەی هەولێر کرد و گووتی: چەند ساڵە ئێمە داهاتی هەموو یانەکەمان ٦ ملیۆن دینارە کە بێگومان بەو بڕە پارەیە ناتوانین بەشداری هیچ خول و پاڵەوانیەتیەک بکەین، دوو ساڵە لە خولی نایابی کوردستان یاریمان کردووە، هەمووی بە هاوکاری و قەرز خولەکەمان تەواو کردووە، ئەم وەرزەیش تا ئێستە دۆخی دارایمان هەر بەو شێوەیە، بەڵام لەچەند سارچاوەیەکەوە بەڵێنی ئەوەیان پێداوین، کە هاوکاری یانەکە بکەن، ئێمەیش لەسەر بنەمای ئەو هاوکاریانە گرێبەستمان لەگەڵ ستافی راهێنەران ئەنجامدا و دەست بەئامادەکارییەکان دەکەین، ڕاهێنەر یونس سلێمان و ستافێکمان دەست نیشان کردووە، دوای گفتووگۆ لەگەڵ ڕاهێنەر ئەو یاریزانانە دەستنیشان دەکات کە بۆ پێکهاتەکەی ئەو گونجاون، تا ئێستە وەکو یانەی چەمچەماڵ دەسبەرداربونمان نەداوە بە هیچ یاریزانێک، هەرچەندە چەند یاریزانێک بەبێ پرسی ئێمە گرێبەستیان لەگەڵ یانەکانی تر واژوو کردووە، هەموو یاریزانانی وەرزی رابردوو لەگەڵ ئێمەدا ماون و پشتیان پێدەبەستین.
ئامانجی یانەکە چیە؟
سەرۆکی یانەی چەمچەماڵ دەربارەی ئامانجی یانەکەیشی قسەی کرد و گووتی: لەو کاتەوەی من سەرۆکی یانەی چەمچەماڵم هەمیشە بۆ ڕکەبەری و بەدەستهێنانی ئەنجامی باش هەوڵمانداوە بەردەوام حەز بەبردنەوە دەکەم، بۆیە ئێمە قەت بۆ مانەوە بەشداری ناکەین، بەڵام زۆر جار بارودۆخی دارایی یانەکە ڕێگر بووە لە گەیشتمان بە ئامانجەکەمان، دوای چەند ڕۆژێک ئامادەکاری دەسپێدەکەین و ڕاهێنەریش کام یاریزانی بوێت لە هەر یانەیەکی تری کوردستان بێت بۆی دەگوازینەوە، بەمەرجێک لەگەڵ توانای دارایی ئێمە بگونجێت، هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو لە ناوەوەی کوردستان کەمپی مەشق و ڕاهێنان سازدەکەین و گەرەکمانە تیپی بەهێز دروست بکەین.