دادگای فیدراڵی عێراق پرسی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران تاوتوێ دەکات، هەر بۆیە دەوروبەری ئەو دادگایە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەنراوە.
ئەمڕۆ (چوارشەممە 17ی ئاب)، دادگای فیدراڵی لەسەر داوای چەند ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران، پرسی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئەنجوومەنە تاوتوێ دەکات.
چەند ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێش لە خۆپێشاندانی ئەمدواییەی لایەنگرانی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، ئەو داوایەیان ئاراستەی دادگای فیدراڵی کردبوو. ئەوان، دووپاتیان کردووەتەوە کە ئەنجوومەنی نوێنەران لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و کاندیدی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتدا سەرکەوتوو نەبووە، هەر بۆیە ئەو ئەنجوومەنە دەبێ “هەڵبوەشێتەوە”.
خۆپێشاندان و مانگرتنی لایەنگرانی رەوتی سەدر لەبەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران بەردەوامە و دەڵێن، تا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، لە خۆپێشاندان بەردەوام دەبن. ئەوان، داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن.
پێشتریش موقتەدا سەدر داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی لە ئەنجوومەنی دادوەری کردبوو، بەڵام ئەو داوایەی سەدر لەلایەن ئەنجوومەنەکەوە رەتکرایەوە.
ئەنجوومەنی دادوەری لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندبوو، “دەستەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانمان نییە”.