د. عومەر نورەدینی
هزرمەندی نەمسایی ) جورج لوکاش ( پێی وایە حزبی سیاسی ئاڵقەی پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و مێژووە. لە ساتەوەختی دامەزرانییەوە پارتی بۆتە ئەو ئاڵقەیە و مرۆڤی کورد و گەلی کوردستانی لەدەرەوەی مێژوو هێناوەتەوە ناو مێژوو، هەڵبەتا بە مەبەستی بزواندن و بەرهەمهێنانەوەو بیناکردنەوە و ئاڕاستەکردنی ئەو مێژووە بە گوێرەی ئیرادە و ویست و بەرژەوەندی و شکۆمەندیی گەل و نەتەوە. لەگەڵ دامەزرادنی پارتیدا مێژووی سیاسیی گەلی کوردستان و نەتەوەی کورد دەچێتە قۆناغێکی نوێ، بیروباوەڕی سیاسیی پارتی و ڕێبازی بارزانی دەبنە چیمەنتۆی کۆنکرێتی هەستی ناسیۆنالستی و جۆشدانی هەست و هزری ئینسانی کوردستانی لە ناو بۆتەی ناسنامەی سەربەخۆ و پاشکۆ نەبوون و ڕەتکردنەوەی ژێردەستەیی، هەربۆیە لە فۆرمێکی ڕەسیو و پێگەیشتوودا شۆڕش و خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستان سنوورە لۆکاڵی و ناوچەیی و کۆمەڵایەتیە تەقلیدیەکان تێک دەشکێنێ و فۆڕمی جوگرافیای نەتەوە دەپۆشێ، پێش دامەزراندنی پارتی زۆربەی بزاڤ و شۆڕش و ڕابوونەکانی کوردستان ناوچەیی بوون، بەڵام لەگەڵ دامەزراندنی پارتی شۆڕش و بزاڤی ئازادیخوازی سەراپای جوگرافیای نەتەوە دەکاتە گۆڕەپان و لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە دەبێتە سەکۆ و مەکۆی خەباتێگڕانی کوردستان بە جیاوازیی خێڵ و چین وتوێژ و ناوچە و شێوەزار و ئایین ومەزهەب و ئیتنیک. بارزانیی نەمر وەک باوکی دامەزرێنەر بەبێ حزبی سیاسی سەرکردایەتیی شۆڕش و بەرخۆدانی کردبوو بەڵام بۆی دەرکەوت کە خەبات و شۆڕش بۆ ڕزگاریی گەل و نەتەوەیەکی خاک دابەشکراوی ژێردەستە بەبێ بوونی پارتێکی سیاسی زەحمەت و دژوارە. لەم بارەوە قەناعەتی سیاسی وابوو سەرکەوتنی شۆڕش پێویستی بە بوونی حزبی مونەزەم هەیە. ئالێرەدا بارزانیی نەمر پارتی دەکات بە ئاڵقەی پەیوەندیی نێوان مێژوو جوگرافیای نەتەوەیی لەگەڵ ئینسانی کوردستانی، خوێنی ئیرادە و شکۆ دەخاتەوە ناو دەمارەکانی تا جەستەی بەزیندوویی و بەهێزی بمێنێتەوە و ڕێگا لە مردنی بگر
ئەوەتا ئەومێژووە پێمان دەڵێ: بۆ یەکەمجار لە مێژوودا دانپیانانی دەستووری لە عیراق بەوەی کورد نەتەوەیە، گۆڕینی فۆڕمی دەوڵەتی عیراق لە مەرکەزیەوە بۆلامەرکەزی ( ئۆتۆنۆمی )، پیادەکردنی مافی چارەنووس لە فۆڕمی قەوارەیەکی ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی کوردستان بەپێی ڕێککەوتننامەی ١١ ی ئازار، دامەزراندنی قەوارەی سیاسی و دەستووری هەرێمی کوردستان و گۆڕینی فۆڕمی دەوڵەتی عیراق بۆ دەوڵەتێکی فیدراڵی بەپێی دەستووری ٢٠٠٥. هەموو ئەمانە بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی پارتین و بەڵگەن بۆ ئەوەی پارتی و سەرکردایەتیی مێژووکردی بارزانی، نەتەوەی کورد و گەلی کوردستانیان لە پاشکۆیەتیی مێژوو دەرباز کرد و هێنایانەوە ناو
جەرگەی مێژوو.
ئەم جۆرە لە گەڕاندنەوەی نەتەوە بۆ ناو مێژوو. مێژوو بۆ ناونەتەوە کە پارتی ڕابەرایەتیی کردووە بۆ بوون و شکۆمەندیی گەلی کوردستان پرسێکی تەواو ژیاری و خاوەن بەهای ستراتیژیە، بەڵام پرسەکە تەواوکاریە و کۆتایی نەهاتووە. ئەوەی لە گەڕانەوە بۆ ناو مێژوو گرنگترە مانەوەیە لەناو مێژوودا. مانەوەیەک کە ڕێگر بێ لە دووبارە پەراوێز بوون، ڕەخسێنەری هەل بێ، بۆ وەگەڕخستنی توانا مرۆیی و سروشتی و مادی و مەعنەویەکانی گەل و نەتەوە بۆ پاراستنی دەسکەوتەکان؛ بڕیاردان لە چارەنوس و ئایندە بەدەست خۆمان بێ نەک داگیرکەران. لەپێناو مانەوە لە مێژوودا بەومانایەی باسمان کرد، ئەرک و بەرپرسیاریەتیی سیاسی و یاسایی و دەستووریی پارتی وەک حزبی حوکمڕان و خاوەن دەسەڵات لە هی حزبە سیاسییەکانی تر گەورەترە. لەم بارەوە جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی ڕاشکاوانە و زۆر جار ئەوەی دووپات کردۆتەوە: گەلی کوردستان خاوەن دۆزێکی ڕەوایە، بەئومێد و هێزەوە پێداگیریی لێ دەکات، لەو پێناوەدا پارتی ئامرازە و بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆ دەگرێ و لێی ڕاناکات. ئەم هزر و باوەڕە سیاسیە پێمان دەڵێ، مانەوەیەکی شکۆدار لەناو مێژوودا لە ڕێگای بوەونی قەوارەیەکی سیاسی و ناسنامەی دانپێدانراوی تایبەت بۆ گەلی کوردستان ئامانجێکی هەرە سەرەکیی پارتیە، بۆ ئامانجێکی لەو شێوەیە دوو خاڵی گرنگ هەن کە بۆ پارتی مانادار و هێمابەخشن.
یەکەم: بەهێز مانەوە و سازندەبوونی خودیانەی پارتیە، لەم بارەوە پەیوەندیی نێوان سەرکردایەتی و حزب جێگای بایەخە، پارتی بەدرێژایی مێژوو تووشی دەیان قەیران و تەنگانە و پیلانگێڕی و هەڕەشەو مەترسی بووە، بەڵام چونکە قەیرانی سەرکردایەتیی نەبووە، هەمیشە توانیویەتی سەرکردایەتی قەیرانەکان بکات و سەربەرزانە لێی دەربازبێ، ئەم سەرکردایەتیەی پارتی خۆی لە سەرکردایەتیی سەنگین و مێژووکردی بارزانیدا دەبینێتەوە، ئێستاش کە پارتی لەناو پرۆسەیەکی خۆسازدانەوەی خودیدایە و ئامادەسازی بۆ (١٤) دەکات.
ئەم جۆرە لە پەیوەندیەی نێوان سەرکردایەتی و حزب وەک جاران و بگرە زیاتریش بۆ پارتی سەرچاوەی هێز و وزەبەخشیە، کۆنگرە هەر لەهەڵبژاردنەوەی سەرکردایەتی و نوێکردنەوەی پڕۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆ تا دووبارە هەیکەلبەندیی ڕێکخستن، چاوەڕێ دەکرێ بەشێوەیەک بەڕێوە بچێ کە پرۆسەی خۆسازدانەوە ئامانجدار بێ و، پێگەی پارتی بەهێزتر و ڕۆڵی چالاکتر و کاریگەریی لە گۆڕەپانی سیاسی ناوخۆ و ناوچەکە زۆرتر بکا، بەهێزمانەوەی پارتی لە سەنگینی و تۆکمەیی و حەکیمی سەرکردایەتی، ڕاستی و دروستیی سیاسەتی، خاوەنداریەتیکردن لە دۆزی ڕەوای گەل، دڵسۆزی و گیان بەختکردنی پێشمەرگە و کادر و ئەندام و لایەنگرانی دایە، دەکرێ هەموو ئەم توخم و ڕەگەزانە لە ڕووداوی کۆنگرەدا بەشێوەیەک وەگەڕ بخرێن، کە بۆمانەوەمان لە ناو مێژوودا پارتی هەرپێشەنگ و سەرقافڵە بێ.
دووەم: پارتی لە بیناتنانی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان حزبی دامەزرێنەر بووە، گرنگە هەمیشە ئەو وێنەیەی لەپێش چاو بێ کە لە قۆناغی حوکمڕانییەتیدا پرسی بوونی متمانە و ڕەوایەتی
وەک قۆناغی شۆڕش نییە و ئاڵۆزتر و پێکداچووترە، ئەوە ڕاستە لە قۆناغی حوکمڕانییەتیدا پارتی لە ڕووی بونیاتنانی دامەزراوەکان و بەیاساکردنی ماف و ئازادیەکان و ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتەکان، لە ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی ئابووری، لەگەشەی مەدەنی و کۆمەڵایەتی و کلتووری، مانەوە و بەهیزکردنی پێگەی نێودەوڵەتی هەرێمی کوردستان ڕۆڵێ مەزن و بێوێنەی هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە ئەوە بەهەند وەربگیرێ کە ئێستا لە پرسی متمانە و ڕەوایەتیدا کێشە لەنێوان شەقام و دەسەڵاتی سیاسیدا هەیە، هۆکار و پاڵنەرەکان زۆرن بەڵام چونکە پارتی حزبی فەرمانڕەوا و هەڵگری بەرپرسیاریەتیە، چاوەکان زیاتر لەسەر ئەون، لەو نێوەدا پرسی پەروەردە و پێگەیاندن، ڕەخساندنی هەلی کار، باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزاریەکان، ئاسایش و ئارامی، بە گوڕکردنی ڕەوتی چاکسازی و سەروەربوونی یاسا، زیاتر قایم کردنی پێگەی موئەسەسات، باشتر وێناکردنی حوکمڕانییەتی ڕەشید و بوونی ستراتیژیەتێکی نیشتیمانی لەم بارەوە، ئازادی ڕادەربڕینی ڕێکخراو بەیاسا، زیاتر قووڵکردنەوەی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و پاراستن و پەرەپێدانی مافی پێکهاتەکان وەک چۆن هێژا نێچیرڤان بارزانی جیگری سەرۆکی پارتی و سەرۆکی هەرێم هەمیشە جەختی لێ دەکات، کە وەک هەرێمی کوردستان جیاوازیمان لەگەڵ دەروروبەرمان بەمانا باشەکەی لەوەدایە کە ئازادی ڕادەربڕین و فرەحزبی و ماف و ئازادی پێکهاتەکان بە شێوەیەکی دیموکراسیانە و مەدەنیانە مامەڵەی لەگەڵ کراوە و سەرچاوەیەکی زوڵاڵی سۆفت پاوەر بووە بۆ پارتی و هەرێم. هەموو ئەمانە هاوکار دەبن بۆ بەرزمانەوەی ئاستی متمانە لەنێوان جەماوەر و پارتی. بەم شێوەیە کە پارتی لەناوخۆیدا سازندەبێ کێشە و قەیرانی خودی نەبێ، لە پرۆسەی حوکمڕانییەتیدا بەردەوام بێ لە چاکسازی، متمانەی لای جەماوەر بەهێز بێ، ئەوا بێشک پارتی وەک چۆن حزبی بردنەوەی گەل و نەتەوە بوو بۆ ناو مێژوو، ئەوا هەرخۆشی حزبی هێشتنەوە و مانەوەیەکی شکۆداری گەل ونەتەوە دەبێ لەناو مێژوودا.