بە‌غدا لە‌مساڵدا تە‌نیا ٤٠٠ملیار دیناری بۆ ھە‌رێم ناردووە‌،بە‌ڵام بە‌بێ دواكە‌وتن مووچە‌ دابە‌شكراوە‌

جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: “حکومەتی عێراق پێویستبوو بۆ حەوت مانگی ڕابردوو یەک ترلیۆن و 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، کەچی تەنیا 400 ملیاری ناردووە و یەك ترلیۆن دینارەکەی دیكەی نەناردووە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبێ دواكەوتن مووچەی دابەش كردووە و دابەشكردنی مووچەش بەردەوامی دەبێت”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ” حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشینەی كارەكانی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانە، بەغدا پێنج مانگە هیچ بڕە پارەیەكی نەناردووە، بەڵام حکوومەتی هەرێمی كوردستان بێ دواکەوتن، لەو حەوت مانگەدا مووچەی لە وادەی خۆی داوە و بێ گومان ئەوەش لە خەمخۆریی حكوومەتە بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، “مانگانە پێویستمان بە زیاتر لە 900 ملیار دینار هەیە بۆ تەرخانکردنی مووچەی مووچەخۆران، لە داهاتی نەوتدا پێشتر مانگانە 350 ملیۆن دۆلاری بۆ دابینکردنی مووچە خەرج دەکرا، بەڵام بەهۆی ئەو چاکسازییانەی بەگشتی لە کەرتی وزەدا کراوە، ئێستا مانگانە 500 ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە خەزێنەی حکوومەت، واتا 150 ملیۆن دۆلار زیادی كردووە”.

ھەواڵی زیاتر