هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

لەم هەفتەیدا دەست بە پڕۆژەی گۆڕینی بۆریی ئیفراز سێی هەولێر دەكرێت

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند “دوای ئەوەی لیژنەیەكی تایبەتمەند لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر و سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر لێكۆڵینەوەیان لە ڕێڕەوی بۆرییەكە كرد، بڕیاردرا بە درێژایی ١١ كیلۆمەتر بگۆڕدرێت، بۆ ئەو مەبەستە جەنابی كاك مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ڕەزامەندی دا بۆ گۆڕینی ئەو بۆرییە و پارەی پێویستی بۆ تەرخانكراوە”.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار راشیگەیاند “لە قۆناغی یەكەمدا سێ كیلۆمەتر زیاتر لە وێستگەی مارعۆدا تاوەكوو ناو شاری هەولێر كە زۆربەی شكستەكان لەو شوێنەن دەگۆڕدرێت”.

سەبارەت بە كاتی دەستپێكردنی پڕۆژەی گۆڕینی بۆرییەكە ساسان عەونی رایگەیاند “بۆ ئەوەی پڕۆسەكە بەخێرایی تەواو بكرێت، پڕۆژەكە ناخەینە تەندەرین و راستەوخۆ بە گوێرەی ئەو دەسەڵاتەی لە ڕێنماییەكانی جێبەجێكردنی گرێبەستە حكومییەكان پێمان دراوە، وا دەكەین هەر لەم هەفتەیەدا لە ڕێگەی چەند كۆمپانیایەكەوە دەست بە كارەكان بکرێت بۆ گۆڕینی بۆرییەكە. گرفتی شكانی بۆرییەكە، هەم تەكنیكییە و هەم هۆكاری زێدەڕۆیی پێشووە كە لە ساڵانی ڕابردوودا لەسەر ڕێڕەوی بۆرییەكە كراوە، كاتێك ئاو بەشێوەیەكی زۆر گوشار لەسەر بۆرییەكە درووست دەكات و شکانی پێشتریشی تێدایە، جاربەجار دەبێتە هۆی شكانی بۆرییەكە لە وێستگەی مارعۆدا. ”


سەبارەت بە جۆری بۆرییەكەش وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند “جۆری بۆرییەكە دەگۆڕین و دەكەینە ستیلی ئاسن و ڕەنگە لە ماوەی دوو مانگدا تەواوی كارەكانی پڕۆژەكە تەواو بكرێت و ئەو گرفتە چارەسەر دەكرێت”.