چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

له‌ هه‌فته‌یەکدا زیاتر له‌ سێ ملیۆن مه‌تر سێجا ئاوی خاوێن بۆ هاووڵاتییان دابین كراوە

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له‌ماوه‌ی 5 تاوه‌كوو 11/8/2022، له‌سه‌ر ئاستس هه‌رێمی كوردستان توانراوه‌ بڕی زیاتر له‌ 3 ملیۆن و 12 هه‌زار مه‌تر سێجا ئاوی پاكی خواردنه‌وه‌ بۆ هاووڵاتیان دابین بكه‌ن.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 14/8/2022، فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، راگه‌یاندراوێكی راگه‌یاندووه‌ و تێیدا هاتووه‌، “وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گەشتوگوزار، له‌ ماوه‌ی 5 تاوەکوو 11ی ئابی 2022، به‌بێ جیاوازی چه‌ندین خزمه‌تگوزاری بۆ هاووڵاتییان له‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش كردووه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ سێکتەری ئاو و ئاوه‌ڕۆ، توانیویه‌تی له‌م ماوه‌یه‌دا بڕی 3 ملیۆن و 200 هەزار و 676 مه‌تر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگه‌ی 78 پڕۆژه‌ی ئاو و 5 هەزار و746 بیر و دابەشکردنی ئاو بە تەنکەر دابین بكات، هەروەها له‌م ماوه‌یه‌دا ٢ هەزار و ٥٤٢ پشکنینی بۆ کوالێتیی ئاوی بەرهەم هاتوو لە ڕێگه‌ی تاقیگەکانییه‌وه‌ ئه‌نجام داوه‌”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گەشتوگوزار، به‌سه‌رپه‌رشتی تیمه‌كانی و له‌ ڕێگه‌ی شاره‌وانی و كۆمپانیاكانی خاوێنكردنه‌وه‌ توانیویه‌تی له‌ ماوه‌ی 5 تاوه‌كوو 11 ی ئابی 2022، له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان نزیکەی 21 هەزار و 167 تۆن زبڵ و خاشاک كۆبكاته‌وه‌ و چاره‌سه‌ریان بكات و داپۆشینیان بۆ بكات.

رایشی گه‌یاندووه‌، “هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌دا نزیکەی296 زێدەڕۆیی و سەرپێچی (خانوو، کابینە، عەرەبانە)ی لاداوه‌ کە کرابوونه‌ سەر موڵکی گشتیی، یان پابەند نەبوون‌ بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ”.

ئاشكراشی كردووه‌، “سه‌باره‌ت به‌ كه‌رتی گه‌شتوگوزار له‌ رێکەوتی 5 تاوه‌كوو 11ی ئابی 2022، توانراوه‌ چه‌ندین چالاكی ئه‌نجام بدرێت، له‌وانه‌ش، پێدانی 15 مۆڵەتی کارکردنی گەشتیاریی، نوێکردنەوەی 18 مۆڵەتی کارکردنی گەشتیاری، 126 مۆڵەت لەژێر مامەڵەدایە، ئەنجامدانی کاری پشکنین بۆ 88 هەزار و 307 بنکە و کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری، ئەنجامدانی 9 چالاکیی بەهەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی پارێزگاکان و لیژنە تایبەتەکانی قائیمقامییەتەکان و ئەنجامدانی 2 چاوپێکەوتن لەگەڵ ژماره‌یه‌ك کەسایەتی و شاند بەمەبەستی پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزاری له‌ هه‌رێمی كوردستان.