چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر د. ئیدریس محه‌مه‌د: هه‌وڵ ده‌ده‌ین گرنگی زیاتر به‌ توێژینه‌وه‌ی زانستی بده‌ین

هێمن خەلیل- هه‌ولێر

زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر له ‌شه‌ش كۆلێژ و شه‌ش په‌یمانگا پێك هاتووه‌، به‌شێك له‌و كۆلێژ و په‌یمانگاكانی ئه‌م زانكۆیه‌ له ‌سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێرن، له‌هه‌مان كاتدا چه‌ندین كۆلێژ و په‌یمانگا ده‌كه‌ونه‌ ئیداره‌ و قه‌زاكانی شاری هه‌ولێر، بۆ زیاتر ئاشنابوون به‌و زانكۆیه‌ دیدارێكی ڕۆژنامه‌وانیم له‌گه‌ڵ پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر د. ئیدریس محه‌مه‌دتاهیر هه‌ركی سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكدا سازكرد:

سه‌ره‌تا پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر د. ئیدریس محه‌مه‌دتاهیر باسی له‌كۆلێژ و په‌یمانگاكان كردو گوتی: “زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر پێك دێت له‌ شه‌ش كۆلێژ و شه‌ش په‌یمانگا؛ واتە: كۆلێژی ته‌كنیكی ئه‌ندازیاری و كۆلێژی ته‌كنیكی كارگێڕی و كۆلێژی ته‌كنیكی پزیشكی و كۆلێژی ته‌كنۆلۆجی و په‌یمانگای ته‌كنیكی كارگێڕی كه‌ له‌ناوه‌ندی شاری هه‌ولێرن، كۆلێژی ته‌كنیكی شەقڵاوە‌ و كۆلێژی ته‌كنیكی سۆران و په‌یمانگای ته‌كنیكی كۆیه‌ و په‌یمانگای په‌یمانگای ته‌كنیكی خه‌بات و په‌یمانگای ته‌كنیكی چۆمان و په‌یمانگای ته‌كنیكی مێرگه‌سۆر له ‌ده‌ره‌وه‌ی شارن، دوای ده‌ستبه‌كاربوون سه‌ردانێكی مه‌یدانی سه‌رجه‌م كۆلیژ و په‌یمانگاكانم كرد و ئێستا دەستم کردووە بە سه‌ردانی دووه‌م و له‌ به‌رنامه‌مدایە‌ سێیەم سه‌ردانیش بکەم، تا زۆر ئاسانتر هه‌نگاوه‌كان ده‌ست پێ بكه‌ین، له‌و سه‌ردانانه‌ هه‌ندێك خاڵمان ده‌ستنیشان كرد كه‌ هه‌ندێكیان خاڵی ئیجابیه‌ و هه‌ندێكیشیان به‌پێچه‌وانه‌، له‌ خاڵه‌ ئیجابیه‌كان ئه‌وه‌ بوو كه‌ ژێرخانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر زۆر باشه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ به‌راوردی ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ زانكۆكانی تری هه‌ولێر كه‌ زانكۆی سه‌لاحه‌دین و زانكۆی هه‌ولێری پزیشكیه‌، به‌ڵام له‌لایه‌كی تر كه‌ تێبینی ژماره‌ی مامۆستایان ده‌كه‌ین (610) مامۆستا به‌راورد به‌ ژماره‌ی قوتابیان (نزیكه‌ی 16000) قوتابیه‌، كه‌ ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆره‌ ڕێژه‌ی مامۆستا بۆ قوتابی زۆر له‌ ڕێژه‌ی ستانداردی جیهانی به‌رزتره‌، بۆ نموونه‌ له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كان ئه‌و ڕێژه‌یه‌ له‌ 1:15 زیاتر نیه‌ و له‌ هه‌ندێك زانكۆی زۆر پێشكه‌وتوو ئه‌و ڕێژه‌یه‌ زۆر كه‌متره‌، بۆ نموونه‌ له‌ زانكۆی هاردفۆرد ڕێژه‌ی مامۆستا بۆ قوتابی 1:5 بۆیه‌ گرنگترین خاڵ لای من ئه‌وه‌یه‌ چۆن بتوانین ئه‌و ڕێژه‌یه‌ كه‌م بكه‌ینه‌وه‌ به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ ئه‌و مه‌به‌ستمان ده‌بێت، هه‌وڵ ده‌ده‌ین گرنگی زیاتر به‌ توێژینه‌وه‌ی زانستی بده‌ین بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هه‌وڵه‌كانمان چڕ ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕێگاخۆشكردن و هاوكاریكردنی مامۆستایان بۆ ئه‌نجامانی توێژینه‌وه‌ی زانستی و ڕێنمای ده‌رده‌كه‌ین كه‌ ده‌بێت هه‌موو مامۆستایان به‌شدار بن له‌ توێژینه‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌وڵ ده‌ده‌ین كه‌ به داهاتی زانكۆ، ئامێر و كه‌ره‌سته‌ی زیاتر بۆ سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ دابین بكه‌ین؛ بێجگه‌ له‌مانه‌ پێویسته‌ پێداچوونه‌وه‌ بكرێت به‌ به‌شه‌ زانستیه‌كان و به‌رنامه‌كانیان كه‌ ده‌بێت ئه‌و به‌شانه‌ به‌ پێی پێویستی بازاڕ بگونجێنین، هه‌روه‌ها هه‌وڵ ده‌ده‌ین كه‌ متمانه‌ وه‌ربگرین له‌ هه‌ندێك زانكۆ و ده‌زگا ئه‌كادیمیه‌ جیهانیه‌كان و یونسكۆ ڕێكخراوه‌كانی تر خۆشبه‌ختانه‌ ئێستا به‌شمان هه‌یه‌ كه ‌له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی مانگی سووری نێوده‌وڵه‌تی به ‌هاوبه‌شی به‌ڕێوه‌ ده‌برێت، به‌شێكی ترمان ئێستا له‌ ژێر چاودێری یونسكۆ كاره‌كانی دەکرد؛ خاڵێكی تری زۆر گرنگ به‌لامه‌وه‌ قوتابیانه‌ كه‌ ده‌بێت قوتابیان بێجگه‌ له‌ فه‌راهەمكردنی هۆڵ و تاقیگه‌ی شایسته‌ پێویسته‌ له‌ناو زانكۆشدا قوتابیان كه‌شێكی گونجاوی بۆ دروست بكرێ كه‌ قوتابی ببه‌سترێته‌وه‌ به‌ كۆلیژ و په‌یمانگاكانیانه‌وه‌، هه‌ر له‌ یانه‌ و یاریگا و سه‌ردان و ئاهه‌نگ وخولی تایبه‌ت.”
سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر باسی له ‌خوێندنی باڵا كرد و گوتی: “پێویسته‌ ژماره‌ی مامۆستا بۆ قوتابی زیاتر بكرێت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌ به‌رنامه‌مدایە‌ گرنگی زیاتر به‌خوێندنی باڵا بدرێت و كورسی خوێندن زۆر زیاتر بكه‌ین و له‌ زۆربه‌ی به‌شه‌كانیش بكرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش پێویستی به‌دابین كردنی ستافێكی زیاتره‌، هه‌روه‌ها پێویستی به‌ تاقیگه‌و كه‌ره‌سته‌ی زیاتره‌.”
له‌باره‌ی رانكینگی زانكۆكه‌وه‌ د. ئیدریس ده‌ڵێ: “هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌ی كه‌ باسم كردن كارده‌كاته‌ سه‌ر رانكیگی زانكۆ و هه‌ر كارێكی باش كه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ له‌ سه‌ر رانكینگی زانكۆ ئێمه‌ گرنگی پێ ده‌ده‌ین و له‌سه‌ری ڕاده‌وه‌ستین هه‌م بۆ رانكینگ هه‌م بۆ به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی زانكۆ.”
له‌ پرسیارێكی تردا، پرسی به‌شێك له‌په‌یمانگاكان بوونه‌ به‌كۆلێژ ئایا سه‌رجه‌م په‌یمانگاكان ده‌كرێنه‌ كۆلێژ له‌ وه‌ڵامدا ئاماژه‌یان دا: “به‌ڵێ هه‌ندێك له‌ به‌شه‌كان له‌ په‌یمانگاكان به‌ هه‌ردوو سیسته‌می دبلۆم و بكالۆریۆس بڕوانامه‌ ده‌ده‌ن كه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ هه‌ندێك له‌ په‌یمانگاكان كراون به‌ كۆلیژ، به‌ڵام هه‌ندێك به‌شیان هه‌روه‌كو خۆی ماون و نه‌گۆڕاون، به‌مانایه‌كی تر واته‌ هه‌م كۆلیژن هه‌م په‌یمانگا، دیاره‌ داواكاری تریش هه‌بوون بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێ له‌ به‌شه‌كانی تریش بگۆرێن، به‌ڵام له‌وه‌زاره‌ت ڕه‌زامه‌ندی نه‌درا و داوایان كرد چیتر ئه‌و داوایانه‌ به‌رز نه‌كرێنه‌وه‌ تاوه‌كو دیراسه‌ی ئه‌نجامی ئه‌و به‌شانه‌ ده‌كرێت كه‌ پێشتر كراینه‌، له‌لایه‌كی تر دیسان حكوومه‌ت و بازاڕی ئه‌مڕۆ پێویستی زیاتر به‌ كادری ناوه‌ندی خاوه‌ن بڕوانامه‌ی دبلۆمه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ‌په‌یمانگاكان گرینگییان پێ بدرێت.”
به‌و پێیه‌ی به‌شێك له ‌په‌یمانگا و كۆلێژی ئه‌و زانكۆیه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی شارن تاچه‌ند توانیوتانه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ببه‌سترێنه‌وه‌، له‌و باره‌وه‌ د. ئیدریس محه‌مه‌دتاهیر ده‌ڵێ: “هه‌روه‌كو باسم كرد هه‌ندێك له‌كۆلێژ و په‌یمانگاكانمان له‌ ده‌ره‌وه‌ی شارن، خۆشبه‌ختانه‌ ئێستا به‌ هێڵی ئینته‌رنێت، هه‌موو كۆلیژ و په‌یمانگاكان پێكه‌وه‌ به‌ستراونه‌ته‌وه‌، مخاته‌باتی ڕۆژانه‌ به‌ ئاسانی به‌ ڕێگای ئینته‌رنێت دەیکه‌ین و هیچ كێشه‌یه‌كمان نیه‌ له‌و باره‌وه‌.”
له ‌دوا پرسیار له‌ سه‌رۆكی زانكۆمان پرسی ئایا پلان و به‌رنامه‌تان هه‌یه‌ په‌یمانگا یان كۆلێژ بكه‌نه‌وه‌، له ‌وه‌ڵامدا گوتی: “به‌ڵێ له‌ به‌رنامه‌ماندا هه‌یه‌ زیاتر په‌یمانگا یان كۆلیژی تر بكه‌ینه‌وە.”