پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

چوارچێوەی هەماهەنگی مانگرتنی لە ناوچەی سەوزی بەغدا ڕاگەیاند و چەند داواکارییەکیان هەیە 

لە ڕاگەیەنراوەکە چوارچێوەی هەماهەنگی هاتووە کە “پێویستە بەخێرایی حکوومەتێکی خزمەتگوزاری نیشتمانی پێکبهێنرێت، دەسەڵاتی تەواوی هەبێت بەپێی دەستوور، بۆ گێڕانەوەی شکۆی وڵات و چارەسەرکردنی کێشەکانی هاووڵاتییانی عێراقی.”

لە خاڵێکی دیکەی داواکارییەکانیان چوارچێوەی هەماهەنگی داوا لە هێزە سیاسییە کوردییەکان دەکات و ڕایگەیاند: داواکارین لە هێزە سیاسییەکان، بەتایبەت کوردەکان پەلە بکەن لە یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆک کۆمار، هەروەها ڕاسپاردنی گەورەترین فراکسیۆن بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیران تاوەکو کۆتایی بەو کێشانە بێت کە ڕێگرن لەبەردەم چارەسەرکردنی پرسەکە.

هەر لە ڕاگەیەنراوەکە پاڵپشتی تەواویان بۆ دەسەڵاتی دادوەری عێراق دووپات دەکەنەوە، داواش لە محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات کۆتایی بە ڕاگرتنی دانیشتنەکان بهێنێت و دەستی پێ بکرێتەوە.

چوارچێوەی هەماهەنگی داوا لە هێزە سیاسییەکان دەکات کە ڕێز لە دەستوور بگرن و پابەندبن پێیەوە، هەروەها ئاماژە بەوە دەدات کە وڵات بێ حکوومەتە و دەسەڵاتەکان گەیشتووەتە قۆناغێکی سەختەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکە چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی کردۆتەوە کە لە کاتی خۆپیشاندانەکانیان و مانگرتنیان پابەندبوونی خۆیان و گوێڕایەڵبوونیان بۆ مەرجەعە دینییەکانیان ڕادەگەیەنن.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە لیژنه‌ی ئاماده‌كاری خۆپیشاندانه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی داوایان له‌ لایه‌نگرانیان كردبوو دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مرۆ هه‌ینی خۆپیشاندانی فراوان له‌ ده‌وروبه‌ری ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا ئه‌نجام بده‌ن له‌پێناو پاڵپشتیكردن له‌ شه‌رعییه‌تی ده‌وڵه‌ت و پاراستنی ده‌ستوور، ئەمڕۆش خۆپیشاندانەکەیان بەڕێوەچوو و بەردەوان لە خۆپیشاندان.

هەروەها موقته‌دا سه‌در، ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌ په‌یامێكدا داوای له‌ خۆپیشانده‌رانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كرد به‌ مه‌به‌ستی سه‌رخستنی چاكسازی و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی بێنه‌ پاڵ خۆپیشانده‌رانی شۆڕشی عاشووڕا، ئه‌گه‌ریش داواكه‌ی ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وا هه‌وڵ بده‌ن خۆپیشاندانێكی ئاشتییانه‌ ئه‌نجام بده‌ن.

له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ هێزه‌ مه‌ده‌نییه‌كان داوایان له‌ هاووڵاتییانی شاری به‌غدا كردووه‌ بڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قام و خۆپیشاندان ئه‌نجام بده‌ن بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی حكوومه‌تی پشك پشكێنه‌ و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی له‌نێو حكوومه‌تدا.

بۆ ڕوونه‌دانی هه‌ر ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و گرژییه‌ك له‌نێوان خۆپیشانده‌رانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و ڕه‌وتی سه‌در و هێزه‌ مه‌ده‌نییه‌كان، هێزێكی زۆری ئه‌منی و پۆلیس له‌ ناوه‌ڕاستی شاری به‌غدا بڵاوه‌یان پێكراوه‌ به‌تایبه‌تیش له‌ ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری ناوچه‌ی سه‌وز.