پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

پۆلیسی دهۆك ده‌ستگیركردنی بكوژی باوک و كچه‌ ئێزیدییەکەی ڕاگه‌یاند 

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی پۆلیسی پارێزگای دهۆك شه‌وی ڕابردوو ده‌ستگیركردنی بكوژی فارووق میرزا خه‌له‌ف و كچه‌كه‌ی له‌ شاری دهۆك ڕاگه‌یاند.

پۆلیسی دهۆك ڕایگه‌یاند: مه‌فره‌زه‌كانی پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوان له‌ پارێزگای دهۆك دوای كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری ورد و له‌ ئۆپه‌ڕاسیۆنێكدا له‌ گه‌ڕه‌كی سه‌رهه‌ڵدان له‌ سه‌نته‌ری پارێزگای دهۆك توانیان بكوژی فارووق میرزا خه‌له‌ف ده‌ستگیر بكه‌ن.

ڕاشیگه‌یاند: دوای ده‌ستگیركردنی، له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كاندا تاوانبار دانی به‌ تاوانه‌كه‌ی داناوه‌ و ئاشكراشی كردووه‌ كه‌ كچه‌كه‌شی هه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌وه‌وه‌ هاتۆته‌ كوشتن.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی پۆلیسی پارێزگای دهۆك ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ دوای ئه‌نجامدانی ڕێكاره‌ یاساییه‌كان، تاوانبار ڕاده‌ستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی زاخۆ ده‌كرێت.

فارووق میرزا خه‌له‌ف كه‌ ئاواره‌یه‌كی كوردی ئێزیدی ته‌مه‌ن 42 ساڵه‌، له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌ی كه‌ ناوی ئاخینه‌ له‌ ڕۆژی 4ی ئه‌م مانگه‌وه‌ له‌ گوندی حه‌سه‌ن ڕه‌شۆ سه‌ر به‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ بێ سه‌روشوێن ببوون.

پۆلیسی زاخۆ چه‌ند ڕۆژێك پێش ئێستا ته‌رمی فارووقی هه‌ر له‌ سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ دۆزیبووه‌وه‌، دوێنێ پێنجشه‌میش دوای ده‌ستگیركردنی تاوانباره‌كه‌ ته‌رمی ئاخینی كچی فارووقیش دۆزرایه‌وه‌.

جێی باسه‌ تا ئێستا پۆلیسی دهۆك و زاخۆ هۆكاری كوشتنی فارووق و كچه‌كه‌یان له‌لایه‌ن بكوژه‌كه‌وه‌ ئاشكرا نه‌كردووه‌، ڕه‌نگه‌ دوای لێكۆڵنه‌وه‌كانی دادگا هۆكاره‌كه‌ی بێته‌ ئاشكراكردن.