پارتی دیموکراتی کوردستان پێشنیازێک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە شێوازی “رێژەیی تێکەڵە” پێشکەش دەکات، بە گوێرەی پێشنیازەکە 50 کورسی پەرلەمان بە لیستی داخراو و یەک بازنەیی هەڵبژێردرێن و 50 کورسییەکەی دیکەش بە شێوەی لیستی کراوە و فرەبازنەیی هەڵبژێردرێن.
هاوار محەمەد، بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی راگەیاند: پێشنیازەکەی پارتی چارەسەرێکی گونجاوە بۆ هەردوو خواستی سیستمی هەڵبژاردنی فرەبازنەیی و یەک بازنەیی، ناوەڕۆکی پێشنیازەکە بریتییە لە دوو شێواز، یەکەمیان 50 کورسی کە دەکاتە %50 کورسی پەرلەمانی بەشێوازی یەک بازنەیی نیشتمانی بێت. شێوازی دووەم فرەبازنەیی بێت لەسەر ئاستی پارێزگاکان دابەش بکرێت کە %50ی کورسییەکان لە خۆدەگرێت.
راشیگەیاند: “رەنگە شرۆڤەی جیاجیا بۆ ئەو پێشنیازەی پارتی بکرێت، دەگوترێت ئەو سیستمە پێشتر بە کار نەهاتووە، بەڵام ئەو جۆرە سیستمە سیستمی رێژەیی تێکەڵە کە بە (M.M.P) ناسراوە و لە زۆر وڵاتان پەیڕەو کراوە.
سەبارەت بە پێکهاتەکان گوتی: “پارتی هەمیشە بۆچوونی وایە دەبێ پێکهاتەکان خۆیان بڕیار بدەن، داواکاری ئەوان ئێستا ئەوەیە کە هەڵبژاردن یەک بازنەیی نیشتمانی بێت و لە هەموو شوێنێک بتوانن دەنگ بە کاندیدەکانیان بدەین، هەروەها بەشێوازی لیستی داخراو بێت، بۆ ئەوەی خەڵکی دیار و شایستە بنێردرێتە پەرلەمان، ئەمەش داوای زۆربەی لایەنەکانە”.
بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی ئاماژەی بەوەشدا: “چاوەڕێین لە کۆبوونەوەی داهاتووی لایەنە سیاسییەکان بە سەرپەرشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بڕیار لە وادەی و شێوازی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بدرێت، دەبێ لایەنەکان تا ئەو وادەیە کە 3ی ئەیلوول بۆ کۆبوونەوە دیار کراوە خۆیان یەکلا بکەنەوە”.