ئیدارەی سەپاوی کەرکووک بە ئاشکرایی و ملهوڕی سیاسەتی تەعریب جێبەجێ دەکات

کەرکووک کە بە گوێرەی مێژوو و جوغرافیا بەشێکی دانەبڕاوی خاکی کوردستانە، لانی کەم لە ماوەی نیوە سەدەی ڕابردوودا ڕووبەرووی زۆرترین سیاسەتی تەعریب و پاکتاوی ڕەگەزی و هەڵاواردن بووەتەوە. سەردەمێک سیستمێکی دیکتاتۆری بەناوی بەعس بەسەر پارێزگاکەدا زاڵ بوو و بە پیلان سیاسەتەکانی خۆی جێبەجێ کرد و تا ڕووخانی ڕژێمەکە بەردەوام بوو بەڵام دوای ئەو هەموو قوربانیدانانەی کورد ئیدارەی سەپاوی شارەکە بە ڕۆژی ڕووناک و بە ملهوڕی هەمان سیاسەتی گرتووەتە بەر.

وەک ئاشکرایە شۆڕشێکی گەورەی کوردستان لەسەر ئەو شارە گرینگە بە نسکۆ گەیەنرا و ڕژێمی بەعسی عێراق کە هەر لە سەردەمانی زووەوە چاوی بڕیبووە نەوتەکەی، هەرگیز ئامادە نەبوو کورد لە چوارچێوەی مافی ئۆتۆنۆمی خاوەندارێتی شارەکە بکات.
لە دەیەکانی هەفتا و هەشتای زاینی خراپترین سیاسەتی تەعریب و پاکتاوکردنی ڕەگەزی لەو شارە جێبەجێ کرا و ڕژێمی بەعس بە هەموو ئامرازەکانی بەردەست، لە ژمارەی دانیشتووانی کوردی شارەکەی کەم کردەوە و بە ژمارەی عەرەبی زیاد کرد. کەرکووکییە بە تەمەنەکان کە باسی دەیەی پەنجا و شەستی شارەکە دەکەن دەڵێن لە شارەکە عەرەب هەر نەبوو و زۆرینەی بەرچاو کورد بووە و لە شارەکە تورکمان و ئاشوورییش ژیاون.
دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١، کورد توانی شارەکە ڕزگار بکات بەڵام زاڵبوونی کورد بەسەر شارەکە ماوەیەکی کەمی خایاند و کەرکووک نەبوو بە بەشێک لەو هێڵەی بە ناوچەی دژەفڕین هەژمار کرابوو.
ساڵی ٢٠٠٣، لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی بەعس بە یەکجاری کورد توانی شارەکە بەدەستەوە بگرێت، بەڵام بەشەڕ ڕووبەرووی ئەو عەرەبانە نەبوویەوە کە بە پلانی بەعس دەیان ساڵ بوو نیشتەجێ کرابوون. کورد ویستی لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا چارەنووسی شارەکە یەکلایی بکرێتەوە و هەموو ئەو کەسانەی لە شارەکە دەرکراون بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و ئەوانەش کە هێنراون لە بەرانبەر بڕێک قەرەبوو لە شارەکە دوور بخرێنەوە، هەمووی ئەوانەش خرایە چوارچێوەی مادەی ١٤٠ی دەستووری کە دەبوایە قۆناغەکانی ئاساییکردنەوە و قەرەبوو و ڕاپرسی جێبەجێ بکرێن.
حکوومەتی فیدراڵی عێراق کە دەبووایە لە ماوەیەکی کورتدا مادەکە جێبەجێ بکات، هەر جارە و بە بیانووی شتێک دوای خست و لە ژێر گوشاری کورد ساڵی ٢٠٠٧ بۆ ڕیفراندۆم و ڕاپرسی دیاری کرا، بەڵام لەو ساڵەشدا حکوومەتی عێراق هیچ هەنگاوێکی بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە گرنگە نەنا و لە ساڵانی دواتردا پرسی پەرەسەندنی تیرۆر و شەڕی تایفی و پاشان سەرهەڵدانی داعش هێندەی تر دۆخەکەی خراپ کرد و ئەو مادە گرنگە دەستوورییە پشتگوێ خرا.
ساڵی ٢٠١٧، کورد ڕیفراندۆمی بەڕێوە برد و هەرچەندە بەغدا دژی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمەکە بوو، بەڵام بە ڕێژەی ٩٢% دەنگیان بەوە دا بگەڕێنەوە سەر کوردستان. ڕووداوەکانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر بیرهێنەرەوەی ڕووداوەکانی سەردەمی بەعسە و ئەو سیاسەتەی ڕژێمی بەعس بە نهێنی لە دژی کورد جێەجێی دەکرد، دەسەڵاتدارانی نوێی شارەکە بە ئاشکرا جێبەجێ دەکەن.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا کەم نەبوون ئەو هاووڵاتییە کوردانەی کە شارەکەیان جێهێشتووە و لە شارەکانی تری هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوون. ئیدارەی شارەکە هەر جارە و بە بیانوویەک گوشار دەخاتە سەر جووتیاران و لە گوندە ڕەسەنەکانی خۆیان دووریان دەخاتەوە و زەوی و زارەکانیان داگیر دەکات. ڕێ لە دروێنە و کشتوکاڵکردنیان دەگرێت و پەیتا پەیتا هۆز و ئەو خەڵکە عەرەبەی تەنانەت پێشتر قەرەبوو کرابوونەوە و گەڕێنرابوونەوە شوێنی ڕەسەنی خۆیان، دووبارە دەهێنرێنەوە شارەکە و ماڵی کورد چۆل دەکرێن و بە عەرەب دەدرێن و میلیشیاکان لە دژی کورد هان دەدرێن و هەندێک جار لە جلکی داعشدا پەرە بە سیاسەتەکەیان دەدەن.
گۆڕینی دیموگرافیای شارەکە لە ماوەی ئەم چوار تا پێنج ساڵەدا زۆر خێرا بووە و ئیدارەی شارەکە بەوەش نەوەستاوە و وێڕای قەدەغەکردنی ئاڵای کوردستان بەسەر فەرمانگە فەرمییەکانی شارەکە، هەر ڕۆژە و هەوڵی سڕینەوەی هێمایەکی کوردی دەدات. بە مەبەست پاشەکشە بە خوێندنی زمانی کوردی کراوە و قوتابخانە عەرەبییەکان جێگەیانی گرتووەتەوە و لە ڕاستیدا بە عەرەبکردنێکی سیستماتیک دەستی پێ کردووە. پێشتر نووسراوی کوردی لەسەر نامە و ڕێنماییە فەرمییەکانی شارەکە دەبینران بەڵام زۆر بە شێنەیی زمانی کوردی لادەبرێت.

هەر ئەم هەفتەیە مۆڵەتی تەندروستی نانەواخانە و سەرتاشخانە و خورادنگە و شوێنە گشتییەکان، کە پێشتر بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی دەنووسرا، کوردییەکە لابراوە و تەنیا زمانی عەرەبی هێشتراوەتەوە کە بە ئاشکرا جۆرێکی تر لە پاکتاوکردنی ڕەگەزی و زمانی کوردی لەم شارە هەژمار دەکرێت.
لایەنە سیاسییەکان، کە خەریکی ململانێی سیاسی و هەڵبژادن و پرسە سەرەکییەکانی عێراقن ئاگایان لەو پێشێلکارییانە نەماوە و کەس متەقی لێوە نایەت و کاتی ئەوە هاتووە لە ئاستی سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمانی عێراق و سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنرێت.

ھەواڵی زیاتر