تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە هەڵبژاردنی کوردستان و یەکگوتاریی لایەنە سیاسییەکانە

ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و، بە ئامادەبوونی جێنین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و کەسی یەکەمی حزبەکان، لە سەرۆکایەتیی ھەرێم کۆبوونەوەی حزب و لایەنە سیاسییەکان بەڕێوە دەچێت، کۆبوونەوەکەش لەسەر بابەتی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و یەکگوتاری لایەنە سیاسییەکانە.

کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دەبێتە دووەم کۆبوونەوەی لایەنەکان لە سەرۆکایەتیی ھەرێم، کە لە یەکەم کۆبوونەوەی لایەنەکان کە لە ٩/٦ بەڕێوەچوو، بڕیاردرا سکرتاریەتێک پێک بھێنرێت لە سەرۆکایەتیی ھەرێم بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ تیمی یونامی بۆ بەدواداچوون و بەردەوامیی ھەوڵەکان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان تاکو ڕێکەوتی ١ی تەمووز ڕاپۆرتێک لەو بارەیەوە ئامادە بکەن، سەرجەم لایەنەکان ھەوڵەکانی سەرۆکی ھەرێمیان بەرز نرخاند بەمەبەستی لە یەک نزیکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان و دووپاتیان کردەوە، کە لەم بارەیەوە پاڵپشتیی ھەنگاوەکانی سەرۆکایەتیی دەبن، ھەروەھا سوپاسی ھەوڵ و کۆششەکانی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کرد.
نێچیرڤان بارزانی لە ٣ی ئەم مانگە لە گوتارێکدا داوای لە لایەنەکان کرد لەسەر پرسی ھەڵبژاردن ڕێک بکەون، تاکو چی دیکە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوانەخرێت، پێشتریش سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ پێکھاتە و لایەنەکان کۆ بووەوە لەسەر یاسا و شێوازی ھەڵبژاردن، پارتی و ھەندێک لە لایەن و پێکھاتەکان داوا دەکەن ھەڵبژاردن یەک بازنەیی بێت، ھەندێک لە لایەنەکانیش داوای فڕە بازنەیی دەکەن، ئەگەر بێت و لە مانگی ١٠ی ئەمساڵ ھەڵبژاردن نەکرێت بۆشایی دەستووری و یاسایی دروست دەبێت.
جگە لە دوو کۆبوونەوەی مەکتەبی ھەڵبژاردنی حزبەکان لەگەڵ سەرۆکایەتیی ھەرێم، مەکتەبی ھەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی لە ماوەی ڕابردوو چەندین جار پێکەوە کۆ بوونەتەوە، بۆ ئەوەی بگەنە خاڵێکی ھاوبەش.
بەھۆی ئەوەی تا ئێستا کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان کارا نەکراوەتەوە، لەو وادەی کە بە مەرسوومی سەرۆکایەتیی ھەرێم دیاری کراوە بكرێت، بەڵام دەکرێت بۆ کەمترین ماوە کە بتوانێت ھەڵبژاردنەکانی تێدا ئەنجام بدرێت، وادەکە دوا بخرێت.
بەپێی مەرسوومی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان١ی مانگی ١٠ وەکو وادەی ھەڵبژاردن دیاری کراوە، بەڵام لە کۆبوونەوەی سەرۆکی ھەرێم و نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لەگەڵ سەرکردەی حزبەکان بڕیاری دواخستنی ھەڵبژاردن دراوە بۆ بەھاری ساڵی داھاتوو.
دوای دیاریکردنی وادەی ھەڵبژاردن، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن.
بەپێی یاسا پێویستە ھەڵبژاردن لە ماوەی ٦٠ ڕۆژی پێش کۆتایی ھاتنی خولی ئێستای پەرلەمان بەڕێوە بچێت، ئەم خولەی پەرلەمان لە ڕۆژی ٦/١١ی ئەمساڵ کۆتایی دێت، واتە پێویستە لە نێوان ٦ی ئەیلوول تا ٦ی مانگی ١١ی ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرێت”.
د. ئارام برادۆستی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ھەولێر لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی، بۆ “ھەولێر” گوتی: “بەپێی یاسای ھەڵبژاردن دەبێت ھەر چوار ساڵ جارێک ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان بکرێت، بە تەئکید ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ناکرێت و دوا دەخرێت، تەنیا پارتی تەئکید لەوە دەکاتەوە ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، ئەگەر ھەڵبژارد دوا بخرێت، کۆمیسیۆن پێویستی بە ماوەیەکی کەم ھەیە، ئەوەش کێشە نابێت، بۆیە تا ئێستا ھەموو ئەگەرێک کراوەیەوە.
د. سەمیر فەھمی، چاودێری سیاسی، بۆ “ھەولێر” دەڵێت: “نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەو ماوەی کە زیاتر لە سێ ساڵ دەبێت پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی وەرگرتووە، ئەو دامەزراوەی خستۆتە خزمەتی خەڵکی کوردستان و پێکھاتە و لایەنەکان، بەردەوام لە خەمی یەکڕیزیدا بووە، بۆ ئەوەش بەردەوام کاری کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان، ھەر ئەوەش وای کردووە ھەر کاتێک بانگەوازی بکات، حزب و لایەنەکان بە دەم داواکارییەکەیەوە بێن و، ڕۆڵی بەڕێزیان بەرز نرخاندووە لە چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان.
سادق بەشار، شلۆڤەکاری سیاسی، بۆ ھەولێر ڕوونی کردەوە: “نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە سیاسەتی نەرم لە نێوخۆ و بەھێز لە دەرەوە ناسراوە، ھەوڵەکانی لە نێوخۆی ھەرێمی کوردستان بۆ یەکخستنی گوتاری لایەنەکان بەرامبەر بە بەغدا لە ماوەی سێ ساڵی سەرۆکایەتیدا ڕەنگی داوەتەوە، بەردەوام ھەوڵی لێک نزیککردنەوەی لایەنەکانی داوە، نێچیرڤان بارزانی دەستپێشخەری زۆر باش و ئۆمێدبەخشی دەست پێ کردووە، بە کۆکردنەوەی تەواوی لایەنە سیاسییەکان، ئەوەش مایەی دڵخۆشی خەڵکی کوردستانە، چونکە مەرجی سەرکەوتن و تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە تەنیا ئەوەیە حزب و لایەنەکان یەکڕیز بن، چونکە پێکەوەبوون دەستکەوتەکان دەپارێزێت و دەستکەوتی زیاتریش بە دەست دەھێنن، چونکە بە لێکترازان و دوورکەوتنەوە ھیچ لایەنێک لە کوردستان ھیچی دەست ناکەوێت”.
ئەو شرۆڤەکارە، ڕوونیشی کردەوە: “یەکێک لە خاڵە گەشەکانی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەوەیە، کە ھەڵوێستی بەرامبەر پێکھاتەکان ھەبووە و تا ئاستێکی زۆر بە گوێرەی یاسا مافەکانیان دەستەبەر کراوە، کە ئەوە خاڵێکی گەشە، دەبێت خۆیان چی بە باش دەزانن بڕیاری لێ بدەن، بۆ ئەوەی نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان ھەڵبژێرن، لەگەڵ ئەوەش گرنگە ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، کە کاتێکی کەم ماوە، دەبێت یاسای ھەڵبژاردن وەک خۆی بمێنێتەوە، بۆیە پێویستی بە دەستکاریی نییە و پێویست ناکات ببێتە ھۆکاری دواخستنی ھەڵبژاردن”.
رۆبینا تەیاری، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە پێکھاتەی کریستیان، بۆ ھەولێر ئاشکرای کرد: “ئێمە وەک پێکھاتەکان پێمانباشە ھەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، ئەگەریش دوا بخرێت، ماوەی دواکەوتنەکەی کەم بێت، بۆ سیستمی فرەبازنەیی یان یەکبازنەیی بۆ پێکھاتەکان بە سەرۆکی ھەرێممان گوت کە ئەوە کورسی ئێمەیە و پێویستە خۆمان بڕیار بدەین، کە بە چ سیستمێک ھەڵبژاردن بکەین”.
ئەو پەرلەمانتارە، دەشڵێ: “ڕۆڵی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پاراستن و قوڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن و لێبوردەیی لەنێوان پێکھاتەکانی گەلی کوردستان بە گرنگ دەزانین بەردەوام پشتگیری لە خواست و مافەکانی ئێمەی کردووە”.

ھەواڵی زیاتر